فازڵ بەشارەتی: دوو لایهنمان بە فەرمی ئاگادار کردووەتەوە نەکا دیسان توندوتیژی بنێنهوه

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی 12ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەهەڵەبجە دەڵێت، بە فەرمیی دوو هێزی سیاسییان ئاگادار کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی کادیر و ئەندامانیان جموجۆڵیان ھەیە و خەڵک ھان دەدەن بۆ ئەوەی بێنە سەر جادە و ئاژاوە بنێنەوە.
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12 (هەڵەبجە)ی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لایەنە سیاسییەکان و دەزگا ئەمنییەکانی هەڵەبجە دەربارەی دۆخی ئێستا کۆ بوونەوە، ئەنجامی باش ھەبوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە ھەرجۆرە توندوتیژییەک بگیرێت؛ بەڵێنیش دراوە ڕێوشوێنی باش بگیردرێتە بەر."
(فازڵ بەشارەتی) ئاماژه بهوهی كه چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ھەوڵ درا بۆ ئەوەی توندوتیژی بکرێت، بەڵام ئهوان و دەزگا ئەمنییەکانیش ئامادەکارییەکی باشیان کردبوو بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکرێت، ئاشكرای كرد كه ئهو دوو هێزه كامانهن و گوتی، ''ئێمە بە فەرمی دوو لایەنمان ئاگادار کردووەتە؛ راستییهكهی (گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی)ن؛ لەبەر ئەوەی کادیر و لایەنگرانی ئەوان زیاتر جموجۆڵیان ھەیە بۆ ئەوەی توندوتیژی بنێنهوه، بۆیە پێمان گوتوونە ئاگادار بن گەرنا دواتر ئەوان بەرپرسیار دەبن.''
بەرپرسی لقی 12ی پارتی جهختی كردهوه لهوهی، کادیر و ئەندامانی ئهو دوو هێزه سیاسییه لەناو خەڵکدا دەگەڕێن و هانیان دهدهن تا بێنە سەرجادە، گوتیشی ''ئەو کەسەی بە گوێی ئەوان بکات، توندوتیژییشیان پێ دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




