٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێكی سیاسی: پارتی زۆر کارتی لایە لە كاتی پێویست بیخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ئاماژە بەو گەلەكۆمەیە دەکا وا لە پارتی کرا و، دەڵێ وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیاری زێباری هیچ پێوەندییەکی بە گەندەڵیەوە نەبوو؛ داڕێژەری پیلانەكە نووری مالكی و هەندێ كوردی بەغدانشینن؛ هەروەها هۆشدارییشی دا، پارتی زۆر کارتی لە بەر دەستدایە بەرانبەر هەندێ كەس بەكاری بێنێ.

چاودێری سیاسی (مئەیەد تەیب) کە پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "پیلانی وەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری وەزیری داراییی عێراق هیچ پەیوەندییەکی بە گەندەڵی و چاكسازی و دەستپاكیەوە نییە؛ ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراقدا قەوماندیان. پیلانێك بوو بۆ لێدانی پارتی؛ ڕاستە پارتی ٢٨ كۆرسیی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، بەڵام تاكە نوێنەری پارتی لە حكوومەتی بەغدادا هۆشیاری زێباری بوو؛ ڕاستە سەرئەركانی سوپای عێراقیش پشكی پارتییە، بەڵام هێشتا نەدراوەتەوە دەست پارتی؛ چەند پۆستێکیی دیكەیش پشكی پارتییە، لێ نایدەن بە پارتی؛ لام وایە نووری مالكی ئەم گۆبەندەی نایەوە و، بە یارمەتیی هەندێ فراکسیۆنە کوردی پەرلەمانەکەی بەغدا گەلەكۆمەیان کرد لە پارتی."

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێ: "لە دوای ئازادكردنی عێراقەوە هۆشیار زێباری تاکە وەزیرێک بووە پیشەیی و كارپێچانە کاری کردبێت؛ هەر هیچ نەبێت سەیری ئەو سەردەمە بکەن وا زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، لەچاو ئەمێستایەی وەزارەتی دەرەوە. خۆی هۆشیار زێباری و پارتی پەکیان ناکەوێ و ئەوەی زەرەرمەندە حكوومەتی عێراق خۆیەتی."

دەربارەی بەیاننامەکەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، مئەیەد تەیب دەڵێ: "لە مەیدانی سیاسەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق و تەنانەت جیهانیشدا پارتی پێگەیەكی گەورەی هەیە؛ پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر کارتی لایە، ئەگەر پێویست بکا، دەیخاتە کایەوە. ئەوەی لە بەیاننامەکەی مەكتەبی سیاسیی پارتیماندا ئاماژەی پێ کراوە زۆر ڕاستە؛ پارتی ئێستا خاوەنی ٢٨ كورسییە لە بەغدادا و دەتوانێ لەكاتی پێویست بەكاری بێنێ."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار