٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی بۆ دەمیرتاش: ئامانجی پارتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندی هەدەپە ڕایگەیاند کە ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە لە باشووری کوردستاندا.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە سەلاحەدین،  فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە و شاندی یاوەری كرد.

لە دانیشتنەكەدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی بە ناوی پارتی و مەكتەبی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی لە شاندی میوان كرد و ئەم سەردانەی زۆر بەگرنگ لە قەڵەم دا و، دووپاتی كردەوە كە پەیوەندیی دووقۆڵی لە نێوان لایەنەكانی سیاسی و دۆست و هاوڕێیاندا زۆر گرنگە بەڵام لە ناوبەری برایاندا زۆر گرنگترە.

میرانی جەختی كردەوە كە ئەگەر جیاوازی ئایدۆلۆجی لە نێوان لایەنەكان دا هەبێت بەڵام هەموومان یەك ئارمانجمان هەیەو ئەگەر عێراق و سوریاو ئێران و توركیاو ڕوسیاو زۆر وەلاَتی دیتر دۆستی ئێمە بن دەبێت لە پێشی ئەوان خۆمان دۆستی خۆمان بین.

هەروەها میرانی ئاماژەی بەوەدا كە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی توركیا زۆر پێ خۆشحاڵ بووین كە هەدەپە لە سەرووی ڕێژەی 10% بە دەست هێنا.

هەروەها گووتی، بێ خاڵی جیاواز لە نێوانمان دایەو ئەمە شتێكی زۆر سروشتییە كە هەدەپە بۆ نموونە باسی دیموكراسی دەكات و ئارمانجیەتی لە باكوری كوردستان چەسپاندنی دیموكراسییە بەڵام ئارمانجی پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە لە باشوری كوردستاندا و ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خەباتی نەتەوەی خۆمان بەلایەك بەڕێوە دەبەین و چەسپاندنی دیموكراتیەت لەناو كوردستاندا بەلایەكی ترەوە بەڕێوە دەبەین و ئەم جیاوازیە دەوڵەمەندیە بۆ ئێمە.

هەروەها میرانی گوتی ئاشكرایە كە دیموكراتیەت بە چەك بەرپا نابێت؛ دیموكراتیەت پرەنسیپ و هزرە لە ناو كۆمەڵگادا و زۆر لایەنی سیاسی هەن باسی دیموكراتیەت دەكەن بەڵام ناتوانن جێبەجێی بكەن و پێویستی بە گۆڕانكارییە لەناو كۆمەڵگادا تا بچەسپێت.

میرانی دووپاتیشی كرد كە لە یەكترنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ دۆزی كورد و كوردستان زۆر گرنگ و پیرۆزە و هەموومان پێكەوە دەتوانین بیری هاوبەش لە نێوانماندا بكەین بە بەرنامەی كار و لەسەری بڕۆین و جیاوازییەكان دانوستاندنیان لەسەر بكەین؛ ئەمە كەلتوری لایەنە سیاسییە پێشكەوتووەکانە.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپەیش سپاسی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد و گوتی بۆ ئێمە شانازیەكی گەورەیە ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئامادەین؛ ئێستا ئێمە مێژوویەكی تازە بۆ گەلی كوردستان دەنووسین و دەبێت خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەر گۆڕانكارییەك كە ڕوو بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەروەها دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاریدایە و دەبێت خۆمان حازر بكەین تا لە ئاستی گۆڕانكارییەكاندا بین؛ گوتیشی دوای شەڕی جیهانی یەكەم و دووەم زۆر وڵاتی نوێ پەیدا بوون و بەڵام گەلی كورد زەرەرمەندی یەكەم بوو لەبەر ئەوەی یەكهەڵوێست و یەكڕیز نەبووین و، لێ دەمی تەماشای ئایندەی كوردستان دەكەین دەبینین ئایندەیەكی باش لە بەردەماندایە و كوردستان لەناو دەریایەكی گەورەدا وەك چیایەك دیارە.

 دەمیرتاش دووپاتیشی كردەوە كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تا ئێستا بەرهەمی خەباتی شێخ سەعید و شێخ ڕەزا و قازی و بارزانی نەمر دەخۆن و، دەبێت هەموومان یەكهەڵوێست و یەكڕیز بین؛ ئاساییە هەر لایەنێك بیركردنەوەیەكی جودای هەبێت بۆ ئایندەی كوردستان لێ دەبێ كۆمەڵگای پڕ باوەڕ و دیموكراتیک و بەرچاوگرتنی كاودانی تایبەتی هەر پارچەیەكی كوردستان و بەرپابوونی عەدالەتی ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەبێت هەموومان ئەم چەندە بكەینە پرنسیپ و لەسەری بڕۆین.

 دەمیرتاش ئاماژەی بەوەیش دا كە ئێستا ساردییەك و لەیەكتردووركەوتنەوەیەك هەیە لە نێوانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەموومان پێكەوە لە هەوڵداین بۆ نەهێشتنی ئەم چەندە؛ دانوستاندن تەنیا ڕێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ جەنابی سەرۆك مسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا جەنابیان فەرموویەتی پێش هەر كۆبوونەوەیەك یان دانوستانێك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا نابێت بڵێین چیمان بە دەست دەكەوێت؛ دەبێت بڵێین چیمان پێ پێشكەش دەکرێت.

هاوسەرۆكی هەدەپە جەختی كردەوە كە باشووری كوردستان لای ئەوان زۆر گرنگە و دەبێت بەهێز بێت و هەر لە گەشەسەندندا بێت و بە ماڵباتی گەلی كوردستانی لە قەڵەم دا.

هەواڵی پەیوەندیدار