ئەفەندی: خەڵكی مووسڵ حەشدی شەعبیان پێ لە داعش خراپترە..ناهێڵین لە ئێمەوە نزیک بن

مووسڵ-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێ، ئەگەر حەشدی شەعبی بەشداری لە شەڕی مووسڵدا بكات، كارەسات ڕوو دەدات و خەڵكی مووسڵ ڕووبەڕوویان دەبنەوە، چونكە حەشدی شەعبییان پێ لە داعش خراپترە.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەری باشیك (حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە هیچ جۆرێك لە سنووری ئێمەدا رێگە بە هیچ هێزێكی عێراقی نادەین بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا بكات و تەنیا هێزی پێشمەرگە دەبێ، بەڵام ئێمە ئەوەی سنووری كوردستانە بەشدار دەبین و رێگە نادەین هیچ پێشمەرگەیەكی ئێمە بەشدار بێت لەناو سەنتەری شاری مووسڵدا، تەنیا ئەگەر (سەرۆك بارزانی) فەرمان بكات، هەر شوێنێك بێت بەشدار دەبین".
(ئەفەندی) گوتیشی: "بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك دروست نەبێت، رێگە نادەین هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی لە ئێمەوە نزیك بێ، چونكە ئێمە لەگەڵ ئەوان زۆر جیاوازین".
بەرپرسی میحوەری باشیك ڕوونیشی كردەوە: "بە رای من ئەگەر حەشدی شەعبی بەشدار بێت لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا كارەسات ڕوو دەدات، چونكە سوننە قبووڵی ناكەن و لە بەرانبەردا ئەوان شەڕ دەكەن، ئەوكات كێشەكە گەورەتر دەبێ".
زیاتر گوتی، خەڵكی پارێزگای مووسڵ داعشیان خۆش ناوێ، بەڵام گەر حەشدی شەعبی بچێتە نێو ئەو پارێزگایە، پێیان لە داعش خراپترە و ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
بڵند ئیبراهیم




