ساڵەیی: ئەو قسانەی لەبارەی نەوتی كەركووكەوە دەكرێن، بۆ چەواشەكردنی خەڵكە

كەركووك-KDP.info- قایمقامی كەركووك دەڵێ، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر نەوتی كەركووك كراوە، هیچ پێوەندیەكی بە پارتییەوە نییە. دەبێ پشت بە گوتەی ئەو كەسانەوە ببەسترێ كە لەنێو مەلەفی نەوتن، كاتێك بەرپرسێكی حزبی بە دڵی خۆی قسە لەسەر مەلەفی نەوتی كەركووك دەكات، تەنیا بۆ چەواشەكردنی خەڵكە.
(كامیل ساڵەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو رێككەوتنەی لەسەر نەوتی كەركووك لە نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدادا كراوە، هیچ پێوەندییەكی بە پارتییەوە نییە. حكوومەتی هەرێمیش لە پارتی و یەكێتی و حزبە بەشدارەكانی دی پێك هاتووە. ئەمە وەزارەتی سامەنە سرووشتییەكان و لایەنە پێوەندیدارەكانی دیکەن سەرپەرشتیی مەلەفی نەوت لە هەرێم دەکەن كە زۆربەی حزبەكان پشكیان تێیدا هەیە".
(ساڵەیی) ڕوونیشی كردەوە: "سەرۆكی حكوومەت پارتییە و جێگرەكەیشی (قوباد تاڵەبانی) ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە ئاگاداری تەواوی مەلەفی نەوتە، (نەجمەددین كەریم) پارێزگاری كەركووكیش ئاگاداریی خۆی لە مەلەفی نەوت راگەیاندووە و باسی لەوە كردووە كە، ئەمە رێككەوتنێكی فەرمییە و هیچ شتێكی ناشەفافی لێ بەدی نەكردووە. لە حكوومەتی پێشووی هەرێمیشدا كە كاك (عیماد) لە پشكی یەكێتی جێگری سەرۆكی حكوومەت بوو، ئاگاداری بابەتی نەوت بوو، كەوایە مەعقوول نییە یەكێتی ئاگاداری رێككەوتن و مەلەفی نەوتی كەركووك نەبێ".
قایمقامی كەركووك رایشیگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا پارەی ئەو هەموو ئاساییش و پۆلیس و مامۆستایە و هەروەها بەشێكی زۆری دیکەی كارمەندانی كەركووك دەدات".
گوتیشی: "دەبێ پشت بە گوتەی ئەو كەسانەوە ببەسترێك كە لەنێو ئیشوكار و مەلەفی نەوتن، كاتێك بەرپرسێكی حزبی لە مێدیاكانەوە بە دڵی خۆی لێدوان لەسەر مەلەفی نەوتی كەركووك دەدات، تەنیا بۆ چەواشەكردنی خەڵكە. ئەو قسانەی لەبارەی نەوتی كەركووكەوە لەلایەن چەند كەسێكی حزبییەوە دەكرێن، هیچ بنەمایەكیان نییە".
سەرباز واحید




