٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای هەولێر: هیچ بڕیارێك نییە ئەمساڵ نەوتی ماڵان دابەش نەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی ئەمساڵ نەوتی ماڵان نەدرێت و، هەوڵەكان بەردەوامن تا لە ماوەیەكی نزیكدا نەوتی ماڵان لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دابین بكرێت.

(هەمزە حامد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا سیستمەكە وایە كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نەوت دابین دەكات و ئێمەیش وەكو پارێزگا دابەشی دەكەین، بۆیە هەر كاتێك نەوتمان بۆ دابین كرا، دەست بە دابەشكردنی دەكەین، بەڵام پێویستە پەلە بكرێت، چونكە لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەر زوو پێویستیان بە نەوت دەبێت".

(حامد) گوتیشی، بڕیارە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە مافی پارێزگاكان لە نەوت بدرێت، كە بۆ پارێزگای سلێمانی ٣٠ملیۆن لیتر و بۆ هەولێریش پێنج  ملیۆن لیترە، بەڵام ئەمە زۆر كەمە و ئەگەر ئێمە دابەشی بكەین و ١٠٠ملیۆن لیتریش بێت، تەنیا ماڵی بەرمیلێك نەوتی بەردەكەوێت، ئەمە جگە لە قوتابخانە و دامودەستگا حكوومی و شوێنەكانی دیكە".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی كردەوە: "ئێمەیش داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە دابین بكرێت، بۆ ئەوەی ئێمەیش دەست بە دابەشكردنی بكەین".

ئەوەیشی رەتكردەوە كە هیچ بڕیارێك درابێت ئەمساڵ نەوتی ماڵان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكرێت و گوتی، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی نەوتی ماڵان دابین بكرێت.

دەشڵێ: "داوادەكەین بە زووترین كات نەوت بۆ ماڵان دابین بكرێت بۆ ئەوەی دابەشی بكەین، بە تایبەت بۆ ناوچە شاخاوییەكان، چونكە وەرزی سەرما لای ئەوان زوو دادێ و پێویستیان بە نەوت هەیە".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار