٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتوانان: ساڵح موسلیم بۆی نییە بە ناوی هەموو كوردانی رۆژئاواوە قسە بكات

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  لە سێزدەساڵەی دامەزراندنی پەیەدەدا، (ساڵح موسلیم) بە ناوی هەموو كوردانی رۆژئاواوە قسەی كرد و گوتی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە سووریا بێتە دی ئەوان وەك كورد چیی دیكەیان ناوێ؛ وەك ئەو گوتی، ئەو ئەزموونە سەركەوتووە دیموكراسیییەی كانتۆنەكان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەگوێزنەوە.

شارەزایانی كاروباری رۆژئاوا و بەرپرسی ئۆفیسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە كۆبانی دەڵێن، (ساڵح موسلیم) بۆی نییە بەناوی هەموو كوردی رۆژئاواوە قسە بكات، چونكە گەلی كورد دەوڵەتی كوردستانی دەوێت. ئەوان جەخت دەكەنەوە كە، (ساڵح موسلیم) دەبوو باسی هەر شتێك بكات، بەڵام باسی دیموكراسی نەكات، چونكە خۆی ناتوانێت دیموكراسیانە قسە بكات و حزبەكەی مافی مرۆڤ پێشێل دەكات.

(عەلی ئیبراهیم) ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا و سەرۆكی نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە كۆبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی‌دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قسەكانی (ساڵح موسلیم) بە واتای ئەوە دێت لە رۆژانی پێشوودا وەكو پەیەدە دەستەیەكیان لە رژێمی سووریا وەرگرت تا خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵكی رۆژئاوادا، ئەو كاتەی (موسلیم) باس لەڕەوشی سووریا دەكات، دەبێت باس لە دیكتاتۆریەتی رژێم بكات كە نزیكەی نیو ملیۆن كەس لەسەر دەستی ئەو شەهید بوون و بە هەزار خانوو بەسەر خەڵكی سووریادا ڕووخاون".

ئەو نوێنەرەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد باوەڕی وایە، هەركێ و چیی لایەك قسە بكات لەسەر دیموكراسی، دەبێت لە ناوەوەی خۆیدا ئازاد بێت و پەیامەكەیشی ئازاد بێت‌، بەڵام (ساڵح موسلیم) خۆی ئازاد نییە لە قسەكردن و بە ناوی پەیەدەیشەوە هەر ئازاد نییە، چونكە تەنیا فەرمانەكانی قەندیل‌ جێبەجێ دەكات.

 ئەو ڕوونی دەكاتەوە: "كاتێك باسی دیموكراسی دەكرێت، نەدەبوو بە دەیان شۆڕشگێڕ و چالاكوانی كورد لەسەر باوەڕی سیاسییان لە تەنیشت زیندانەكانی رژێمی سووریاوە لە كەركی لەكێ و قامشلۆ زیندانی كرابن، بۆیە دەڵێم (ساڵح موسلیم) دەتوانێت باس لە هەر شتێك بكات قەیناكا، بەڵام ناتوانێت باس لە دیموكراسی بكات".

ساڵح موسلیم، لەو گوتارەیدا كە دوو ڕۆژ پێشتر و لە ساڵیادی پارتی یەكێتیی دیموكراتدا كردنی، بە هیچ جۆرێك باسی لە ئامانجە لەمێژینەكەی گەلی كورد كە سەربەخۆییە نەكرد و كۆی گوتارەكەی گوزارشت بوو لە مانەوە لەژێر حوكمی ڕژێمی (ئەسەد) تا سووریا لەو دۆخەی تێی كەوتووە ڕزگاری ببێت؛ ئەو لە جیاتی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا دەستبەرداری تێكڕای مافە نەتەوەییەكان بوو.

(عەلی ئیبراهیم) پێوەست بەم تێڕوانینەی هاوسەرۆكەكەی پەیەدەوە گوتی: "پەیەدە وەكو باڵێكی سەر بە پەكەكە كە هەمیشە سیاسەتیان دژی كوردستانی گەورەیە، كەچی باسی دیموكراسی دەكەن. ئەوان كە بە هۆی سیاسەتی هەڵە و نادروستیانەوە لە باكووری كوردستان بە سەدان گوند و ناوچەی كوردانیان چۆڵ كرد، دەیانەوێت رۆژئاوایش وا لێ بكەن، راستییەكەی بەم دۆخەیانەوە دەبوو ڕوویان نەبێ باسی گواستنەوەی ئەزموونە تاكڕۆییەكەیان بكەن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست".

هەرچی (د. رەزوان بادینی) مامۆستای زانكۆ و چاودێرە بەسەر كاروباری رۆژئاواوە، ئاماژە بەو ڕاستییە تاڵەی كە گەلی كورد لە مافی مرۆڤ بێبەشن و دەوڵەتی نییە، كۆنترین نەتەوەی بێدەوڵەتیشە، دەڵێ: "(ساڵح موسلیم) باسی مافی مرۆڤ دەكات و برایانی خۆیان كە كوردن و ئەندامی پارتەكانی تری سیاسین، دەستگیر دەكەن كە سیاسەتوان یاخود چالاكوانن". 

(بادینی) دەپرسێ: "پەیەدە رێكلامێكی زۆر گەورە بۆ خۆی دەكات، لە كاتێكدا خۆیان سەربەخۆ نین و بەشێكن لە سیاسەت و ئەجێندای پەكەكە، ئەوان كار و چالاكیی حزبە سیاسییە كوردستانییەكانیان قەدەغە كردووە، دەشڵێت دیموكراسی كانتۆنەكانی رۆژئاوا دەگوازینەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەیش لەو كاتەدایە كە دەبینین باكووری كوردستانیان كردووە بە سەربازگەیەكی گەورە، جیا لەمە هێشتا لە دنیادا ددانیان بەو كانتۆنانەدا نەناوە، بۆیە ناكرێت شەرعییەت بە خۆی بدات و بە ناوی هەموو كوردی رۆژئاواوە قسە بكات، چونكە ناشێ پەیەدە شەرعییەت بە خۆی بدا كە حیزبی دیكە هەن و خاوەن مێژوویەكی گەورەن و خەباتیان كردووە، لە بڕیاردان لە مافی جارەنووسی كوردانیشدا پەراوێز بخرێن یان خەباتیان نادیدە بگیرێ؛ بۆیە من باوەڕم وایە دەبێ پەیەدە بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و گوێ لە لایەنەكانی دیكەیش بگرن، ئەگەرنا هەمان دۆخی باكووری كوردستان لێرەیش دووبارە دەبێتەوە".

 

 نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار