حەمەنەزیف قادری: نابێ ئێران ئێمە بکاتە بیانوو بۆ تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم

كۆیە -KDP.info- (حەمەنەزیف قادری) دەڵێ، نابێ كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بڕوبیانوێك بێنێتەوە بۆ تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم؛ چونكە ئێمە وەها كارێكمان نەكردووە كە ببێتە پاساوێك بۆی تا هێرش بكاتە سەر باشوری كوردستان.
(حەمەنەزیف قادری) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەركاتێك ڕای گشتیی جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرینگی بە پرسی كورد دەدات یان هەر كاتێك كوردانی باشوور دەستكەوتێكی نوێ بەدەست دێنن، كۆماری ئیسلامیی ئێران پێیەوە بێتاقەت دەبێت، بۆ کاڵكردنەوەی ئەم سەركەوتنانە هەوڵ دەدات جووڵە بكات. ئەو تۆپبارانکردنەی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كورستانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێران بەو خۆڕاگری و سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و ئەو سەركەوتنە دیپلۆماسیانەی سەرۆكی هەرێم و ئەو یەكدەنگییەی لەمەڕ پرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردی، بێتاقەتە."
(قادری) ڕوونیشی كردەوە: "كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەكان تۆپباران دەكات؛ خۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەوێ چالاكی ناكەین! هێزی ئێمە و حزوری ئێمە قووڵایی خاكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و، هیچ پەیوەندییەكی بە باشووری كوردستانەوە نییە، تا ئێران باشور تۆپباران بكات. ئەوەتا هێزمان لە كرماشان و مەهاباد و تەواوی شارەكانی تردا هەن و، خەریكی چالاكیی خۆیانن. هیچ هێرشێكیشمان نەكردووەتە سەر هێزەكانی ئێران بۆ ئەوەی ببێتە بیانوو بە دەستیانەوە و هێرش بكەنە سەر ناوچە سنوورییەكانی باشوور."
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران جەختیشی كردەوە: "نابێ كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ بڕوبیانووێك بێنێتەوە بۆ تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، چونكە ئێمە وەها كارێكمان نەكردووە كە ببێتە پاساوێك بۆی تا هێرش بكاتە سەر باشووری كوردستان."
كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو چەند ڕۆژەدا ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی تۆپباران كرد؛ بە گوێرەی دوائامار، زیاتر لە 30هەزار دۆنم زەوی سوتاوە، هەزار شانەهەنگ و 1200 بنەدار لەناو چوون، زیانی زۆری بە دانەوێڵە و لەوەڕگای خەڵکی ناوچەكە گەیاندووە. زیاتر له سهد خێزان ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووه و، ڕوویان لهو ناوچانه كردووه كه تپۆخانهكهیان ئێران نهیانگرێتهوه.
سەرباز واحد




