٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی كوردستان و هیندستان پێوەندییەكانیان تۆكمەتر دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا، کونسووڵی گشتی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستاندا باسی لە نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگە كرد لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل بێ جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١-٩-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە دیپاك میگلانی، كونسووڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا میگلانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە ماوەی مانگێكە لە هەرێمی كوردستان وەك كونسووڵی هیندستان دەستبەكار بووە و لەو ماوەیەشدا لەلایەن خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە و هەموو ئاسانكارییەك بۆ كار و ئەركەكانی پێشكەش كراوە، لەمبارەیەشەوە سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد.

ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و هاوكارییكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری بەڕێوەبردن و كردنەوەی خولی ڕاهێناندا بۆ كادیرانی حكوومەت نیشان دا، هەروەها باسی لە نەبەردی و چاونەترسیی پێشمەرگە كرد لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل بێ جیاوازیی ئاینی و نەتەوەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی كار و ئەركەكانی بۆ كونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر خواست و هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی بۆ دووپات كردەوە، جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی بەڕێوەبردنی هیندستان وەرگرێت لە ڕێگەی كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ كادیر و كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەشەوە سوپاسی هیندستانی كرد كە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ كردنەوەی ئەو خولانە.

هەروەها هیوای خواست كونسوڵخانەی هیندستان ڕۆڵێكی بەرچاو بۆ تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی هاندانی سەرمایەگوزارانی هیندی كە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن، بگێڕێت و دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێدا هەبێت بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەموولایەكدا بێت.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار