پەرخی: نابێ خەڵكی ڕێگا بدات جارێکی دیکە داواكاریەكانی بۆ مەرامی حزبی بەکاربهێندرێ

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ خۆپێشاندان لە چوارچێوەی یاسادا شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەگەر دەستی لایەنەكانی تێ بكەوێ و هەوڵ بدری لایەنێكی تر پێ بکەنە ئامانج وەكو پارساڵ كە بینیمان بارەگاكانی پارتی درایە بەر هێرش كارێكی زۆر خراپ و نابەرپرسیارانەیە، بۆیە نابێ خەڵكی ڕێگا بدات داواكارییەكانی بۆ مەرامی حزبی، دووبارە بەكار بهێندرێتەوە.
(حەیات مەجید پەرخی) ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەركی پاراستنی سەرجەم بارەگا حزبییەكان و كۆمپانیا و کونسووڵخانەكان بە دەرەجە یەك دەكەوێتە ئەستۆی ئاسایشی شارەكە؛ پارێزگاری شارەكە كە بەرپرسی یەكەمە لە شارەكە و دەبێ وەكو ئۆفیسەكەی خۆی سەرجەم شوێنەكانی تر بیپارێزێت چونكە ئەركی ئەمانە كۆنترۆڵی هەر بارێكی نەخوازراو بكەن."
(پەرخی) ڕوونیشی كردەوە: "ڕاستە بارو گوزەرانی خەڵك خراپە و كەموكووڕی هەیە، بەڵام ئەمە بەو واتەیە نییە كە هەڵبكوتریتە سەر بارەگایێكی حزبێک كە هەروەكو ئەوان هاووڵاتیی تێدایە و بەشێوەی ئەوان لە گوزەرانێكی خراپدایە. خۆپێشاندان لە چوارچێوەی یاسادا شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەگەر دەستی لایەنەكانی تێبكەوێ و هەوڵبدری لایەنێكی تری لێ بەئامانج بگیرێ و وەكو پارساڵ كە بینیمان بارەگاكانی پارتی درایە بەر هێرش و خەڵك هان درا بۆ بەئامانجگرتنیان كارێكی زۆر خراپ و نابەرپرسیارانەیە. بۆیە نابێ خەڵكی ڕیگا بدات داواكاریەكانی بۆ مەرامی حزبی دووبارە بەكار بهێندرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردەوە: "دەبێ پاریزگاری سلێمانی و هەڵەبجە هەردووکیان چاودیری دۆخەكە بكەن و نەیەڵن خۆپێشاندانەكان بەرەو ئاقارێكی ناڕێک بڕوات و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامانج بگیرێت. چونكە تەنیا پارتی حوكمی ئەم وڵاتە ناكات و هەموو لایەنەكان بە گوێرەی بەشداریان بەرپرسیاریەتیی باش و خراپی وڵاتیان لە ئەستۆدایە."
سەرباز واحد




