متمانەسەندنەوە لە زێباری، خەرقی دەستوور بوو..لە دادگای فیداراڵیدا تانەی لێ دەدرێ

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی یاسایی نەبوو؛ بۆ مەبەستێکی سیاسی بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەوانەی بەڵێنیان بەئێمە دابوو پێچەوانە دەنگیان دا!
(د. عەرەفات کەرەم) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئێمە نیگەرانین لەھەندێک ھەڵوێست کە بەڵێنیان پێمان دابوو دەنگ بە مانەوەی وەزیری دارایی بدەن، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردە سەر و پێچەوانە دەنگیان دا! لەوانە (ئاڵا تاڵەبانی) بە ئاشکرا باسی لەوە کرد بەڵێ بۆ لادانی وەزیری دارایی و وەرەقەکەشی پێشانی پەرلەمانتاران دا!"
دەیشڵێ: "ئەو پرۆسەیە بەزاندنی دەستوور بوو؛ لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە: وەزیری دارایی لە دادگای فیدراڵیدا سکاڵای تۆمار کردووە و پێویست بوو سکاڵاکەی یەکلایی بکرێتەوە و، ئەوکات دەنگدان بکرایە؛ ینجایش پێویست بوو دەنگدان بەئاشکرا بێت نەک بە نەھێنی، چونکە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە."
(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە، مەبەستی سەرەکی لادانی وەزیری دارایی سیاسی بوو؛ چونکە وەزیر ھەیە تا سەر ئێسقان گەندەڵە، کەس ھیچی پێ ناڵێت! لەکاتێکدا (ھوشیار زێباری) بە کارزانییەکەی خۆی کاری زۆری بۆ عێراق کردووە."
باسی لەوەش کرد، سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانی بێلایەنیی خۆی بسەلمێنێت، چونکە داوای لێ کرابوو کۆبوونەوە دوا بخات، بەڵام لە ترسی پۆستەکەی خۆیدا ئەو کارەی نەکرد.
گوتیشی، جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی نەبێت ھەموو ئەوانەی دیکەی کوتلە کوردییەکان دەنگیان بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی دا و ھەڵوێستی کوردانەیان نەبوو.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا حاکم تارق گەردی ڕایگەیاند کە تانە لەو کارە نادەستوورییە دەدەن کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان کراوە؛ لە دادگای باڵای فیدراڵیدا سکاڵا تۆمار دەکەن.
لای خۆیشیەوە بەنگین شوکر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی راگەیاند: لێ سەندنەوەی متمانە لە زێباری سەرلەبەری نایاسایی بوو، چونکە لەهیچ یاسایەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا باس لە دەنگدانی نهێنی نەکراوە، ئەوەی کرا پێشنیاری سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو کە دەبێ دەنگدان بە نهێنی بێ.
گوتیشی: "وەک فراکسیۆنی پارتی تانە لە بڕیارەکە دەدەین و پێیمان وایە ئەوەی کراوە تۆڵەی سیاسی بووە و، گروپێک هەوڵیان داوە ئەو تۆڵە سیاسییە بکەنەوە".
ئەوەشی خستەروو: کە بەم شێویە تەوافوق و پێکەوە کارکردنی پێکهاتەکانی عێراق خراپە ژێر پرسیارەوە.
بڵند ئیبراھیم-کارزان سەباح هەورامی




