قایمقامی زاخۆ: "پەكەكە خاڵی پشكنینی بۆ رێگرتن لە گوندنشینانی زاخۆ داناوە"

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ ڕایگەیاند، پەكەكە بە ئاشكرا خاڵی پشكنینی داناوە و رێگرە لەوەی هاووڵاتیانی چەندان گوندی زاخۆ بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. دەشڵێ، بە هۆی ئاڵۆزیی ناوچەكەوە لە رۆژانی رابردوودا، خەڵکی ناوچەکە ئاوارە بوونە.
(بۆتان موحسین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بە هۆی ئاڵۆزیی سنووری و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە، نزیكەی پەنجا گوندی دەڤەری زاخۆ ئاوەدان نەكراونەتەوە، پەكەكە رێگە بە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە نادات و رێگری كردووە لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان".
قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ گوتیشی: "لە ڕۆژانی رابردوودا چەندان گوندنشین لە سنووری شارەدێی باتوفەی زاخۆ گەڕاونەتەوە گوندەكانیان بۆ كشتوكال و چنینەوەی بەروبوومی هاوینە، بەڵام بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی توركیاوە بۆ سەر سنوورەكە، ئاوارە بوونە".
(موحسین) دەشڵێ: "زۆربەی گوندەكانی سەرسنوور پەكەكە كردوونیەتە بارەگای خۆی و خاڵی پشكنینی داناوە، بۆ ئەوەی رێگری لە گوندنشینان بكەن لە كاتی سەردانیكردنی گوندەكانیان و رێگری دەكەن لە هاووڵاتیان".
لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ ئەوەی پەكەكە رێگری لە هاووڵاتیان نەكات، قایقمامی زاخۆ رایدەگەیەنێ: "پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، گوێ لە پێشنیاز و داواكاریی هیچ كەس و لایەنێك ناگرن و هیی ئەوە نین دانوستانیان لەگەڵ بكرێت".
قائید میرۆ




