حەشدیشەعبی لە ئازادکردنەوەی سەنتەری مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکاندا بەشدار نابێ
__2016_09_20_h19m54s12__HK.jpg)
مووسڵ -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، حەشدیشەعبی بەھیچ شێوەیەک بەشداری لە ئازادکردنی سەنتەری شاری مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکاندا ناکات و ھێزی پێشمەرگەش ڕۆڵێکی باڵای لەوپرۆسەیەدا دەبێ.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لەئەنجومەنی پارێزگای موسڵ(ھاشم بریفکانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ڕێککەوتنەی دوێنێ لەبارەی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ کرا، زۆر گرنگە؛ بەتایبەت کە سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی ئەو کۆبوونەوەی کرد بۆ ڕێککەوتنەکە؛ بەپێی ڕێککەوتنەکە ئەو ھێزانە دیاری کراون کە بەشدار دەبن لەو شەڕە و ئەو ناوچانەی ئازاد دەکرێن و کامە ھێز بۆ چ ناوچەیەک ھێرش بکات، ئەمانە ھەمووی کراون؛ خۆی بەم شێوەیە زیانی کەم دەبێت و زووتر ناوچەکان ئازاد دەکرێن."
(ھاشم بریفکانی) ڕوونیشی کردەوە: "لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆسەکە دەست پێدەکات و ھێزی پێشمەرگەش ڕۆڵێکی باڵای دەبێت لەو پرۆسەیەدا؛ هێزەکانی ھاوپەیمانان و حەشدینیشتمانی و پۆلیس و سوپای عێراقیش بەشدارن لەو شەڕەدا."
ھەروەھا گوتیشی: "حەشدیشەعبی بە ھیچ جۆرێک بەشداری لە پرۆسەی ڕزگارکردنی سەنتەری شاری موسڵ و ناوچە کوردستانییەکان ناکەن؛ ڕەنگە لە باشووری مووسڵ لە ھەندێک ناوچە وەکو تەلەعفەر بەشداری بکەن."
بڵند ئیبراھیم




