٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تارق گەردی: پارتی مکوڕە لەسەر دەنگدانەوە لەسەر وەڵامەكانی هۆشیار زێباری

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-  سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە؛ جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ لە بەر لە جەژنەوە داوامان كردووە پرسی باوەڕکردن بە وەڵامەكانی وەزیری دارایی بخرێتەوە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدانی ئاشكرای بۆ بکرێت.

دكتۆر (تارق گەردی) جێگری سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم ئیوارەیە دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا تا لە کۆبوونەوەکەی سبەینێی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار ببین؛ لە بەر لە جەژنی قوربانەوە داوامان كردووە، پرسی باوەڕکردن بە وەڵامەكانی هۆشیاری زێباری وەزیری دارایی عێراق بخرێتەوە دەنگدانەوە، زیاتر لە ١٠٠ ئیمزامان بۆ ئەم مەبەستە كۆ كردووتەوە، ئێمە گومانمان لە دەنگدانی پێشوو هەیە و فراكسیۆنی پارتی لەنێو هۆڵی  پەرلەمان ئامادە نەبووە لەكاتی دەنگدان و نیسابی یاساییش تەواو نەبووبوو."

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ: "ئیدارەی ئەو ڕۆژەی دانیشتنی پەرلەمان ئیدارەیەكی سرۆشتی نەبووە و شەڕ و ئالۆزیی تێ كەوتبوو؛ ئەوە گرنگە دەنگدان بە ئاشكرا بكرێت تا بزانین كێ بە وەڵامەكانی زێباری قەناعەتی هەیە و كێ نییەتی.

تارق گەردی گوتیشی: "فراكسیۆنە كوردستانیەكان بەگشتی لەگەڵ ئێمەن، باوەڕیش ناكەم هیچ كوردێك هەبێت دژی كۆدەنگیی كوردان بێت، چونكە پرسی لێوەرگرتنەوەی متمانە لە هۆشیاری زێباری پرسێكی سیاسی و شەخسیە و بەرامبەر بە كورد و كاك هۆشیار دەكرێت، لەو ڕێگەیەوە كورد و پارتی دەكەنە ئامانج.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار