فارس بریفكانی: چارەسەری كێشەی كەمی دەرمانی كەركووك دەكەین
__2016_09_20_h15m23s22__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ كێشەی كەمدەرمانییەکەی كەركوكووك چارە دەكەین؛ هەوڵ دەدەین پێوەندییەكانی نێوان بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی كەركووك و وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاسایی بكەینەوە با چیتر هاووڵاتیانی كەركووك نەبنە قوربانی ئەم شەڕەی نێوان وەزارەت و ئەم بەڕێوبەرەی تەندروستیی كەركووك.
(فارس بریفكانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەمێژە ئاگادارین كە ئەم بڕە دەرمانەی بەغدا بۆ پارێزگای كەركووكی ڕەوانە دەکا بە گوێرەی پێویست نەبووە؛ کە شوێنی بابەتەکەم گرت بۆم دەركەوت كە كێشەكە لەسەر (دكتۆر سەباح) سەربەڕێوەبەری تەندروستیی كەركووكە؛ خۆی عەبادی ماوەی ساڵێكە ئەم بەڕێوبەرە و ١٢ بەڕێوەبەری تەندروستیی عێراقی لەكار لا داوە؛ بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی كەركووك مل ناداتە بەر ئەو بڕیارە و ئەوانیش لێ کەوتوونە بە قینا و، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی كەركووك و وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەینیان نەماوە."
بەگوێرەی یاسا دەبێ هەموو سەری مانگێك سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی پارێزگاكان ڕاپۆرتی پێداویستی خۆیان ڕەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بكەن و داوای پێداویستییەكانی داودەرمان و ئامێرەكان بكەن. بەڵام ئێستا بە هۆی ئەم پەیوەندیە خراپەوە چەند مانگ جارێكیش بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی كەركوك ڕاپۆرت ڕەوانەی وەزارەتی تەندروستی بەغدا ناكات. ئەوانیش ناتوانن لە خۆیانەوە دەرمان ڕەوانە بكەن؛ خۆ نازانن چییان پێویستە."
جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختیشی كردەوە: "هەتا كێشەی كەمدەرمانیەکەی كەركوكوك چارە نەكەین واز ناهێنین؛ هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی كەركوك و وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاسایی بكەینەوە با هاووڵاتیانی كەركووك نەبنە قوربانی ئەم شەڕەی نێوان وەزارەت و ئەم بەڕێوەبەری تەندروستییەی كەركووك. کلیلی چارەسەری كێشەكە بە دەست بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركووكەوەیە؛ دەبێ بێتە بەغدا و قسە لەگەڵ وەزارەتدا بكات، ئەوكات ئێمەش ناوبژیوانییان دەكەین تا پێک دێنەوە."
سەرباز واحد




