دڵشاد شەهاب: فرۆشتنی نەوت بۆ لایەنەکان ڕوون دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژكارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، هەندێ لایەنی سیاسی نێو حكوومەت لە ڕاگەیاندنەكانەوە خۆیان بێبەری دەكەن لەوەی شەریک و بەشداری دەستەڵاتن؛ مەبەستی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوە ئەوەیە تا ڕوونكردنەوە بەو كەس و لایەنانە بدرێت؛ هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، هەر پرسێك لای ئەوان ڕوون نەبێ ئەوا بۆیانی ڕوون دەکەینەوە با ئیتر زانیاریی هەڵە بە هاووڵاتیان نەدەن.
(دڵشاد شەهاب) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مەرەم لە بانگەوازەكەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ كۆبوونەوە ئەوەیە، هەندێ لایەنی سیاسی لە ڕێگەی دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە و لێدوانی سیاسیەوە خۆیان بێبەری دەكەن لە حكوومەت و، گوایە بەشداری دەسەڵات و شەراكەت نینە، لەو قەیرانانەی ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لەبەر ئەوەی حكوومەت پێی باش بوو لەگەڵ ئەو لایەنانە كۆ ببێتەوە، ئەگەر ڕاستە ئەوانە پرسیاری جدیان لە حكوومەت هەیە، لەسەر داهات و فرۆشتنی نەوت و هەر پرسێك لەلای ئەو لایەنانە ڕوون نەبێت، بۆیان ڕوون بكرێتەوە و لایەنەكان هەر بۆچوون و پێشنیارێكیان هەبێت لێیان وەربگیرێت."
دڵشاد شەهاب گوتیشی: "بە بڕوای ئێمە هەبوونی كەناڵێكی دانوستانە تا خزمەتی خەڵکی پێ بکرێت و بەرژەوەندییانی تێدا بپارێزرێت، باشترە لەوەی هەر کەسێك لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە لێدوان و وەڵام هەبێت و لە ئەنجامی لێدوانەكانەكان هیچ خزمەتێك بە خەڵك و پرسەكە ناكات؛ دەمانەوێ ڕوونكردنەوە بدەین بە لایەنەكان تا چیتر لە میدیاوە زانیاریی هەڵە بە هاووڵاتیان نەدەن."
لەبارەی ناردنی داوەتنامە و دیاركردنی ڕۆژی كۆبوونەوە ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: "بڕیارە بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشتانامەكە بگەیێنین بە لایەنە سیاسییەكان؛ هەڵبەت هێشتا وادەی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە."
قائید میرۆ




