٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخی: خۆپێشاندانی بەرفراوان لە دژی پەیەدە بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی كۆمیتەی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا رایدەگەیێنێت، پاش ئەوەی مانگرتن بە كۆتا هات، ئێستا ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی خۆپێشاندانی سەرتاسەری باشوور و رۆژئاوای كوردستان و وڵاتانی ئەورووپا لە دژی كردەوەكانی پەیەدە بەڕێوە بچێت.

(عەبدولڕەحمان شێخی)، بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیەدە هەموو شتێك دەكات دژی ئەو لایەنەی وەكو وان كار نەكات و، تاكلایەنە كار دەكات و پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سووریا هەیە، هەروەها شتی خراپ لە دژی كوردان دەكات بە تایبەت لە دژی ئەنەكەسە و ئەنجوومەنی نشتیمانیی كوردی سووریا و پەدەكەسە و بە هێز و چەك دەیەوێت هەموو خەڵك و لایەنە سیاسییەكان وەكو خۆیان لێ بكەن، بۆیە ئەو مانگرتنەی ئەنجاممان دا، بۆ ئەوە بوو تا دەنگی خۆمان بگەیێنین بە هەموو جیهان و رێكخراوەكانی سڤیل و مافی مرۆڤ،‌ بۆ ئەوەی ببێتە گوشارێك تا پەیەدە لە كارە هەڵە و خراپەكانی واز بێنێت و سەركردایەتیی ئەنجوومەن و پەدەكەسە بە تایبەت ئازاد بكات".

(شێخی) گوتیشی: "مانگرتن بەكۆتا هاتووە لەبەر ئەوەی تەندروستیی گەلێك گەنجی ئێمە باش نەبوو، هەروەها گوشارێك لەلایەن خەڵكییەوە كرا تا مانگرتن ڕابوەستێت، بۆیە بە بڕیاری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەن مانگرتن ڕاوەستا و ئێستایش‌ پلانمان هەیە چالاكیمان بەردەوام بكەین و خۆپێشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدەین لە ئەورووپا و هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا و، چالاكیی تریشمان دەبێت بە شێوەی دیكە بەردەوام دەبین تا ئەو زیندانیانەی ئێمە لە زیندانەكانی پەیەدە ئازاد بكرێن".

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی راوێژكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ئەوەیشی خستە روو: "54 كەس لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی كە سەركردە و چالاكوانی ئێمەن،‌ لە زیندانی پەیەدە بوون و 10 لەوان ئازاد كران و ئێستا 44ـی تر ماون بە تایبەت چوار سەركردەی پەدەكەسە لەگەڵ ژمارەیەك چالاكوان و گەنجی تری هەرێمی خۆجێیی ئێمە لە زیندانەكانیاندا ماون".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار