د. خەلیل: جیهان بە شێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ لە پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان دەڕوانێ

ههولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، دانیشتنە سێقۆڵییەكەی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەمەریكا كە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) لە هەولێر بەڕێوە چوو، گرینگییەكی یەكجار زۆری هەبوو، لە كاتێكدا ئەم كۆبوونەوەیە بەغدای تێدا بەشدارە، كەچی لە هەولێر ئەنجام دەدرێت و وەكو وڵاتێكی بەشدار لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ، مامەڵە لەگەڵ هەرێم كراوە.
پرۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانیشتنە سێقۆڵییەكەی نێوان هەولێر و بەغداو ئەمەریكا كە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) بەڕێوە چوو، گرینگییەكی یەكجار زۆری هەبوو، لەكاتێكدا ئەم كۆبوونەوەیە بەغدای تێدا بەشدارە، كەچی لە هەولێر ئەنجام دەدرێت و وەكو وڵاتێكی بەشدار لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ مامەڵە لەگەڵ هەرێم كراوە. لەلایەكی تریشەوە سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكە (سەرۆك بارزانی) بوو."
(د. خەلیل) گوتیشی: "گەورەیی و گرینگیی ئەم كۆبوونەوەیە تەنیا لە وەدەرنان و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش نییە، بەڵكو دنیا بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی بە شێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ لە پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان دەڕوانن و لە هەندێك بابەتدا لە وڵاتێكی تەواو زیاتر گرینگی پێ دەدەن."
ئەم چاودێرە سیاسییە دهشڵێت، سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی) و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە، دۆزی كورد بەرەوپێش و پێشتر دەبات، دنیا بە گشتی چاوی لە سەركەوتنە كانی هێزی پێشمەرگەیە كە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) بەرێوە دەبرێت و لەم راستییە ئاگادارن كە لەناوبردنی داعش بە بێ هێزی پێشمەرگە مەحاڵە."
پرۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل) گوتیشی: "دیپلۆماسییەتی (سەرۆك بارزانی) بە شێوەیەكی وا بووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بە گشتی و لە مەسەلەی لەناوبردنی داعش كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بكەوێتە ئەم ئاستەی كە ئەم كۆبوونەوە گرینگە لە هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ چۆنیەتیی رزگاركردنی گەورەترین دووەم شاری عێراق لە چنگی داعش كە مووسڵە."
دوێنێ 19ـی ئەیلوول، بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی هاوبەشی سەربازی و سیاسیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و عیراق ئەنجام درا و، لەسەر چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، ڕێك كەوتن".
سەرباز واحید




