٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەكی سەربازی: سەرۆك بووەتە مەرجەعێك وڵاتان رای ئەو بە گرینگییەوە وەرده‌گرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی شەربازی دەڵێت، لە ئێستادا بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەتەوە كە بە بێ هێزی پێشمەرگە مووسڵ رزگار ناكرێت، بۆیە (سەرۆك بارزانی) بووەتە ناوەندێك بۆ ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە پرس و رای پێ بكرێت، چونكە شارەزایی مەیدانیی هەیە و سوود لە تواناكانی وەردەگرن.

لەبارەی كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان كورد و ئەمەریكا و عێراق بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) كە سەبارەت بە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ رێك كەوتن، شارەزای سەربازی (شوان محەممەد تەها)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە ڕووی جیۆگرافییەوە گرینگیی خۆی هەیە، ئەمە لەلایەك و بوونی هێزی پێشمەرگەیش لەسەر ئەرزی واقیع وای كردووە كە نە سوپای عێراق و خەڵكی مووسڵ ناتوانن دەستبەرداری پێشمەرگە بن، چونكە ناتوانن مووسڵ بە بێ ئەوان رزگار بكەن و هاوكات ئەو لێكتێگەییشتنەی لە نێوان (سەرۆك بارزانی) و خەڵكی مووسڵ بەم دواییانە دروست بووە، هۆكارێكی دیكەیە كە وا بكات ئەم هەنگاوە بنرێت و رێككەوتن لەبارەی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵەوە بكرێت".

(تەها) گوتیشی، جگە لەوەیش (سەرۆك بارزانی) بووەتە مەرجەعێك كە وڵاتانی دەرەوە و هاوپەیمانان و خەڵكی مووسڵیش لەبارەی شەڕی داعشەوە پرسی پێ بكەن و رای ئەو بە گرینگییەوە وەربگیرێت و رێگایەكی باشە بۆ ئەوەی بتوانن لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا سەركەوتوو بن.

ئەو شارەزایە سەربازییە باسی لەوەیش كرد، گرینگیی (سەرۆك بارزانی) لە ناوچەكەدا ئەوە دەخوازێت كە پرس و رای پێ بكرێت، چونكە دیارە كە سەرۆكی هەرێم شارەزایی مەیدانیی شەڕی هەیە و وڵاتان سوود لە تواناكانی وەردەگرن و، خاكی هەرێمی كوردستانیش دەبێتە پاڵپشتییەكی چاكی هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان، بۆیە هاوپەیمانان ناتوانن تەنیا متمانە بە هێزەكانی عێراق بكەن.

 

بلند ئیبراهیم   

هەواڵی پەیوەندیدار