٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد حوسێن: کورد دەبێتە هێزێکی گەورە لە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكاوە بە روودوای راگەیاند، دەرئەنجامی ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ لە کوردستان کرا، دەبێتە بنەمای ئەو دانوستاندنەی ئێستا لە ئەمریکا لەگەڵ ئۆباما دەکرێت. دەشڵێت، کورد دەبێتە هێزێکی گەورە لە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ.


فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت ئەجێندای سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا بە شاندنی هاوبەش لەگەڵ عێراق، به‌ ته‌له‌ڤزیۆنی رووداوی رایگەیاند "یەکەمین کۆبوونەوەمان لەگەڵ باراک ئۆباما دەبێت".

رۆژی سێشەممە 20-9-2016 بە فەرمی چالاکییەکانی کۆبوونەوەی خولی حەفتاویەکەمینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێدەکات، فوئاد حوسێن دەڵێت "جیا لە کۆبوونەوەمان لەگەل سەرۆک ئۆباما، بڕیارە لەگەڵ 12 سەرۆکی وڵاتان کۆبوونەوە ئەنجامبدەین".

لەبارەی ئەوەی وەک نوێنەری کورد لەگەڵ ئەو شاندە عێراقییە پلانیان چییە لەکاتی كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی وڵاتان، فوئاد حوسێن گوتی "لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانەی دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵیان ئەنجام داوە، پرسی کورد باسی لێوەکراوە، بۆ نموونە لەگەڵ ئەمریکا، فەرەنسا، نەمسا و ئیتاڵیا باس لە مافی چارەنووس کراوە، لەگەڵ عێراقیش باس لەو پرسە کراوە، ئەگەر دەرفەتیش هەبێت لەگەڵ ئەوانیش باسی دەکەین".

سەبارەت بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و واشنتن لەسەر شەڕی مووسڵ، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەوەی زانراوە رەشنووسی پلانێک هەبوو بۆ رزگارکردنی مووسڵ، بەردەوامیش دانوستانی لەسەر دەکرا، دیارە ئێستاش هەموو لایەک رێککەوتوون لەسەر پلانەکە. ئەوەش شتێکی گرنگە، هەم بۆ هەرێمی کوردستان بۆ عێراق و دونیای دەرەوە، بە تایبەتی بۆ ئەمریکاییەکان، بە بڕوای من لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەو پرسە بە دوور و درێژی باس دەکرێت".

فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "دەرئەنجامی ئەو رێککەوتنەی لە کوردستان کرا، دەبێتە بنەمای ئەو دانوستاندنەی ئێستا لە ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک ئۆباما دەکرێت، ئەمەش ئەوە پێشان دەدات، کە کورد دەبێتە هێزێکی گەورە لە رزگارکردنی مووسڵ و رۆڵی دەبێت لە رووخاندنی داعش".

هەواڵی پەیوەندیدار