٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

88 پێشمەرگە بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی دەرەوە دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، 88 برینداری پێشمەرگە بەم زووانە بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی دەرەوە دەكرێن و، وەزارەتی پێشمەرگەیش نزیكەی چوار تا پێنج ملیۆن دۆلار قەرزدارە.

لیوا (موحسین محەممەد ڕەشید‌)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نزیكەی 88 بریندارمان هەیە و ئامادە كراون‌ كە بەم زووانە ڕەوانەی دەرەوەیان دەكەین بۆ چارەسەركردن، تەنیا ماوە نەخۆشخانەكانمان بۆ دیاری بكرێت كە وڵاتی توركیا و هەنگاریایە لەسەر ئەركی خۆیان چارەسەری بریندارەكانمان دەكەن تەنها پارەی فڕۆكە و خەرجیی خۆیان بۆ سەرف دەكەین و ئەمەیش هەماهەنگیی پێویستە".

لیوا (موحسین) گوتیشی: "وڵاتی ئەرمینیایش هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی بریندارانی پێشمەرگە چارەسەر بكەن، بۆیە ئەو بریندارانەی دەمێننەوە لەوانەیە ڕەوانەی ئەرمینیا و جۆرجیا و وڵاتانی تریشیان بكەین كە لەوانەیە بەریتانیایش بێتە سەرخەت بەو پێیەی لە ماوەی پێشوودا دوو جار لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا كراوە بۆچی چارەسەری پێشمەرگە ناكرێت لە نەخۆشخانەكانیان، بۆیە دەمانەوێت هەموو ئەو بریندارانانەی كە ماون لە نزیكترین كاتدا چارەسەریان بكەین و، ئەوەی بتوانین لەناوەوەی هەرێم و ئەوانەیشی پێویستیان بەدەرەوەیە، ‌بتوانین ڕەوانەی دەرەوەیان دەكەین تا چارەسەر بكرێن".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر ڕوونی كردەوە: "زیاتر لە نۆ هەزار بریندارمان هەیە كە زۆربەیان لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان چارەسەر كراون و لەوانەیش 662 بریندارمان ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم كردووە بۆ چارەسەركردن".

لەبارەی قەرزیی وڵاتان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ برینداران، لیوا (موحسین‌) گوتی: "كێشەی زۆرمان هەیە لەپارەی نەختینەی خەرجی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە قەرزدارە و ‌ بە تایبەتی قەرزی پزیشكی لە دەرەوەی هەرێم وەكو یۆنان و توركیا و هەروەها پێشمەرگەكانیش خۆیان خەرجییان كردووە و ئێمەیش نووسراومان بۆیان كردووە، بۆیە دەتوانم بڵێم بڕی نزیكەی چوار بۆ پێنج ملیۆن دۆلار وەزارەتی پێشمەرگە قەرزدارە و دەبێت بۆیان بگەڕێنینەوە".

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار