زێباری: كێشەی زەویوزاری كریستیانەكانی دهۆك چارە دەكرێت

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە وەڵامی چەند راپۆرتێكی ناوخۆیی و دەرەكی سەبارەت بەو زەویوزارانەی برا كریستیانەكان كە كێشەیان لەسەرە لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بە جددی خەریكی بەدواداچوونن لە كێشەی ئەو زەویانە و یەكلاكردنەوەیان لە پارێزگای دهۆك و لە نزیكەوە لە داخوازیی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەڕوانێت بۆ چارەكردنیان.
(د. دیندار زێباری)، سەبارەت بە كێشەی زەوی برا كریستیانیەكان و ئەو سستیەی گوایە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بەدی دەكرێت لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی برا كریستیانەكان گوتی: "لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە جووتیاری بەرهەمهێن دەكات بە بێ رەچاو كردنی جیاوازیی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەیی، ئەمەیش لە روانگەی پێشخستنی بەرهەمی كشتوكاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە ئەركی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی برا كریستیانەكان و چارەكردنی هەر كێشەیەك كە رووبەڕوویان ببێتەوە."
(زێباری) لەبارەی كێشەی ئەم زەویانەوە ڕوونی كردەوە: "لە سەردەمی رژێمی بەعس پێشێلكاری بەرامبەر بە برا كریستیانەكان كراوە وەك سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ نموونە كۆمەڵگایەك لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر زەوی گوندی (گاڤانا) لە دهۆك كە زەوی برا كریستیانەكان بووە، دروست كراوە بۆ راگواستنی خەڵكی بەشەرەفی چۆمان و نیازی رژێمی بەعس لەم كارە نانەوەی ئاژاوە لە نێوان موسڵمان و كریستیانەكان بوو، بۆیە كۆمەڵگای بۆ موسڵمانان لەسەر زەوی برا كریستیانەكان دروست كردووە، بە هەمان شێوە كۆمەڵگای دیكەی لەسەر زەوی موسڵمانەكان دروست كرد، لە دوای راپەڕین و لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێم توانای دارایی نەبوو ئەم هەموو كۆمەڵگایانە بڕووخێنێت و قەرەبووی دانیشتووانەكانی بكاتەوە، بۆیە ئەم كۆمەڵگایانە بوونەتە ئەمری واقع."
سەبارەت بە گلەیی ژمارەیەك لە برا كریستیانەكان بۆ وەرنەگرتنەوەی زەوییەكانیان و دوای بەدواداچوونی داخوازییەكانیان، (زێباری) گوتی: "دوای بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم، دەركەوت كە ئەوەی گلەیی لەسەر هەیە چەند گوندێكن، وەك گوندی (شكەڤدلی) لە ناحیەی (باتێل) كە راستیی داخوازییەكانیان بەم شێوەیەیە، لە ساڵی ١٩٧٤ تەنیا (٢٣) جووتیار لەم گوندە بەپێی یاسا زەوییان پێ دراوە بە گرێبەست كە (٢١) كریستیان و (٢) موسڵمان بوونە و دوای ساڵی 1974 ئەو گوندە كاول كراوە و خەڵكەكەی كۆچیان كردووە و زۆربەی برا كریستیانەكان روویان لە بەغدا كردووە و نەگەڕانەوە لە ساڵی ١٩٩٢ و دوای راپەڕینی گەلی كوردستان رێنمایی تایبەت بەو گوندانەی كاول كراون دەرچوو كە بە رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی 1992 ناسراوە و تیایدا هاتووە: زەوی بدرێتە ئەو جووتیارانەی پێش كاولكردن لە گوند زەوییان لە بەردەستدا بووە بەو مەرجەی ئامادە بێت لە بەردەم لیژنەی لێكۆڵینەوە و، لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنە لەم گوندە دەستبەكار بووە و ئەو جووتیارانەی ئامادە بوون زەوییان پێ دراوە كە كریستیان و موسڵمان بوون، بەڵام لە كاتی دابەشكردنی زەوییەكاندا هەندێك زەوی زیادی كردووە لەبەر ئەوەی ژمارەیەك لە كریستیان و موسڵمانەكان لەبەردەم لیژنە ئامادە نەبوونە، ئەوا زەوییەكان دراوەتە ئەوانەی ئامادە بوون لەبەردەم لیژنە، لە ئەنجامدا (٣٦) كەس لەو جووتیارانەی كە پێشتر كاری جووتیارییان كردووە، رۆڵەكانیان زەوییان پێ دراوە. هەندێك لەوانەی گلەییان هەیە هەر لە بەغدا ماونەتەوە و ئامادە نەبوونە بێنە بەردەم لیژنە بۆ وەرگرتنی مافەكانیان، بۆیە بەپێی یاسای چاكسازیی كشتوكاڵی زەویی ژمارە (١١٧)ی ساڵی ١٩٧٠ كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان تا ئێستاش كاری پێ دەكرێت، هەر جووتیارێك لە ماوەی (٣٠) رۆژ لە رێكەوتی بڵاوكردنەوەی بانگەواز ئامادە نەبێت لە بەردەم لیژنە بۆ وەرگرتنی زەوی بە بێ هۆكارێكی رەوا مافی نامێنێ، بەڵام ئەم برا كریستیانانە لەو ماوە دیاریكراوە كە (٣٠) رۆژ بوو ئامادە نەبوون بەڵكو ماوەی (٧) ساڵ تێپەڕی لەسەر بڕیاری لیژنەی كشتوكاڵ واتە لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای رووخانی رژێمی (سەددام حوسێن) ئینجا هاتنەوە كوردستان، هەمان شت لە گوندەكانی دیكەیش رووی داوە".
(د. دیندار) ئاماژەیشی دا: "سەرەڕای ئەوەیش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەكانی دیكە بە تایبەتی برا كریستیانەكان كە لە دێرزەمانەوە لەم خاكەدا ژیاون وەك هەر هاووڵاتییەكی تر، بۆیە لیژنەیەك بۆ داواكاریی ئەم برا كریستیانانە پێك هێنرا و ئێستا لیژنەكە گەییشتووەتە دوایین قۆناغی كارەكانی و پێشنیازیان پێشكەش كردووە كە وەك حاڵەتێكی (ئیستیسنائی) زەوی ئەم برا كریستیانانەی لە ناوچەكە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك كراوە كە جێبەجێی بكات، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیازە ژماریەك جووتیاری دیكە لە كریستیان و موسڵمانەكان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەكانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لە بەردەستیاندایە و بەكاری دەهێنن، دیارە هەر مافێك بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە كات و رێوشوێنی ئیداریی تایبەت هەیە، بەڵام حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەكردنی كێشەی ئەم زەویانە".




