تۆپبارانی ئێران 100 خێزان ئاوارە كردووه و 30 هەزار دۆنمیش سووتاوە

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان رایگەیاند، بە هەر سێ قوناغ كە ئێران تۆپبارانی ناوچەكەی كردووە، زیاتر لە 30 هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتاوە، ئەمە جگە ئاوارەبوونی 100 خێزان و سووتانی ڕەز و باخ و هەنگی هاووڵاتیان.
(كاروان كەریمخان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمساڵ سێ جار ئێران تۆپبارانی ناوچەكەی كردووە، هەر جارێك ناوچەكەی تۆپباران كردبێت، زیانێكی زۆری بە ناوچەكە گەیاندووە، كە تا ئێستا بە پێی ئامارەكان و بەدواداچوونی ئێمە، زیاتر لە 30 هەزار دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتاوە، جگە لە سووتانی ڕەز و باخ و هەنگی هاووڵاتیان و ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 خێزان".
(كەریمخان) گوتیشی: "تا شەوی رابردوویش پوش و پاوانی ناوچەكە هەر دەسووتا، بەڵام ئێستا ڕەوشەكە ئارامە و ئەو خەڵكەی ئاوارە ببوون، هەندێكیان لەبەر نەبوونی شوێن و كردنی شینایی گەڕاونەتەوە، بەڵام بە ترس گەڕاونەتەوە، بۆیە داواكارین ئەو تۆپبارانە بوەستێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان كاری خۆیان بكەن و بژێویی ژیانیان دابین بكەن".
شایانی باسە، لەبەر پەكەكە و نائارامیی ناوچە سنوورییەكان، زیاتر لە 100 گوند لە سنووری شارەدێی سیدەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكەكەی بۆ ناوچەكانی دیكە كۆچیان كردووە.
ڕابین شێروانی




