فرسەت سۆفی: با یەكێتی لە قوباد تاڵەبانی بپرسێ چەند نەوت فرۆشراوە

هەولێر-KDP.info- د.فرسەت سۆفی دەڵێ، لێدوانی هەندێ پەرلەمانتار و بەرپرسی یەكێتی لەبارەی پرسی نەوتی هەرێم تەنیا بۆ ڕاكێشانی سۆزی هاوڵاتیانە و لە ئاڵا تاڵەبانییشی پرسیوە "بەرلەوەی داتای نەوتی هەرێم بڵاو بكەیتەوە بۆ تەلەفۆنێكت بۆ قوباد تاڵەبانی نەكرد بزانی چەند نەوت ڕۆیشتووە!"
(د.فرسەت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "هەقە ئەندامپەرلەمان و سیاسەتمەدار بەرپرسانە قسە بكەن و هەر بۆ شەقام و جووڵاندنی سۆزی خەڵك نەکەونە قسە؛ چەند و چۆنی فرۆشی نەوت کە ئەو بەڕێزانە و ئەو خاتوونە باسیان کردووە، زۆر نابەرپرسانەیە؛ دەڵێی ئاگایان لە وەزعی کوردستان و، تەنگوچەڵەمەی خەڵك نییە؛ ئەوە هەر بۆ دووبەرەكینانەوەیە؛ دەربارەی چەند و چۆنی فرۆشی نەوت، لەو ڕۆژانەدا سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا کۆ دەبێتەوە؛ با كەرەم كەن بچن ئەو ژمارە و داتایانەی خۆیان ببەن لەوێ بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیران و جێگری وەزیران و هەموو وەزیرەكان قسەی خۆیان بكەن."
(ئاڵا تاڵەبانی) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، گوایە بەپێی داتای وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی ڕابردوو هەرێم ڕۆژانە ٦٦١هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی لەو ژمارەیە كەمتر نەوت هەناردە كراوە.
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەشڵێ: "ئەگەر توانییان بیسەلمێنن ژمارە و داتاكانیان دروستە حكوومەت ڕاستی نەكردووە، با مەردانە هەڵوێست وەرگرن، بەڵام ئەگەر حكوومەت باوەڕی پێهانان بە داتاكانی خۆی، ئیتر شتێك نامێنێتەوە ئیتر لە ڕاگەیاندنەكان قسە بكەن، ئەوە حكوومەت دەرگای كردووتەوە، ئەگەر نەچن قسەی خۆیان بە ڕاشكاوانە بكەن، یان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، حەقنیە خەڵك چتیر گوێیان لێبگرێت، چونكە هیچ ئەرزشێك بۆ قسەكانیان لەسەر شاشەكان نامێنێتەوە.
دكتۆر فرسەت گوتیشی: "پێویست بوو برادەرانی یەكێتی خۆیان لە كاك قوباد تاڵەبانی بپرسن كەسێكی بەڕێزە و بە موئەسەساتی كار دەكات، هەق وایە ئەوان بچن پرسیارەكانی خۆیان لە ئەو بكەن، ئەزیەتی بكێشایە تەلەفۆنێكی بۆ جێگری سەرۆكی حكوومەت بكردایە و پێی گوتبا، ئەو ٤١٠هەزار بەرمیلەی بڵاو كرایەوە ئیشكالی هەیە ٦٦١هەزارە یان ٤١٠هەزارە، بە ڕاستی خۆم بە خۆم پێم سەیرە لەو لێدوان و مامەڵە نابەرپرسیارانەی هەندێ كەس! جگە لە جووڵاندنی سۆزی خەڵك و بەرژەوەندیی سیاسی هیچی دیكەی نییە، حكوومەت هاتووتە سەر خەت با لایەنە سیاسییەكان بچن لەوێ قسەی خۆیان بكەن، خەڵك ماندوبو لەو لێدوانانە بچن قسەی خۆیان بەرامبەر حكوومەت بكەن.
قائید میرۆ




