تۆپخانه‌كانی ئێران، 100 خێزانیان ده‌ربه‌ده‌ر كرد

سیده‌كان-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان ڕایده‌گه‌یێنێت، به‌هۆى تۆپبارانى تۆپخانه‌كانى ئێرانه‌وه بۆ سه‌ر ناوچه‌ى سیده‌كان، نزیكه‌ى 100 خێزان ئاواره بوون و زیانێكى ماددیى زۆریش به ناوچه‌كه كه‌وتووه.
(كاروان كه‌ریمخان) به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاند، ئه‌مرۆ شه‌ممه، تۆبخانه‌كانى ئێران جارێكى تر سنوورێكى به‌رفراوانى شاره‌دێی سیده‌كانیان بۆردوومان كرد كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى ئێران.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان ده‌ڵێ، "هاوشێوه‌ى جاران، له تۆپبارانى ئه‌مرۆیشدا زیانى ماددیى زۆر به ژینگه‌ى ناوچه‌كه گه‌یشتووه؛ جیا له‌مه نزیكه‌ى 100 خێزان له‌به‌ر مه‌ترسیى له‌سه‌ر گیان و ماڵ‌وحاڵیان ئاواره بوون. هه‌روه‌ها مه‌ڕدار و جووتیارانیش ناوچه‌كانیان جێهێشت‌ووه.''
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان گوتیشى: "چه‌ند گوندێك له‌م ناوچه‌یه ئاوه‌دان ببوونه‌وه، به‌ڵام به ناچارى ئه‌مڕۆ ئه‌وانیش گونده‌كانیان جێهێشت و جارێكی دی چۆڵ كرانه‌وه.''
نەشوان بەرزنجی




