سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، بانگهێشتی لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له راگه‌یێندراوێكیدا بانگهێشتی كۆی لایه‌نه به‌شداره‌كانی نێو حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، ده‌رباره‌ى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان و پرسى داهات و خه‌رجییه‌كان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا داتا و زانیاریى دروست و فه‌رمى به‌ده‌ست بێنن، نه‌ك له ڕێی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه بۆچوون و سه‌رنجی جیاواز بخرێنه ڕوو.
ده‌قی راگه‌یێنداروه‌كه:
ماوه‌یه‌كه لایه‌نه سیاسییه‌كانى به‌شدارى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان، له كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه دید و بۆچوون و سه‌ر‌نج و تێبینیى جیاجیا ده‌رباره‌ى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان و پرسى داهات و خه‌رجییه‌كان ده‌خه‌نه ڕوو، سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پێى باشه بۆ خستنه‌ڕووى داتا و زانیاریى دروست و فه‌رمى له‌مباره‌یه‌وه، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه به‌شداره‌كانى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان، بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان بكات و له‌سه‌ر ئه‌م باسانه و ته‌واوى داتا و زانیارییه‌كانیان و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازیى حكوومه‌ت، گفتوگۆ بكه‌ن و هه‌موومان پێكه‌وه بۆ به‌رژوه‌ندیى گشتى كار بۆ سه‌رخستنى به‌رنامه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان بكه‌ین.
سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
17/9/2016




