محەمەد كەمال: پارتی جوڵەی بەهیچ هێزێک بۆ کەرکووک نەکردووە

کەرکووک-KDP.info- محەمەد کەمال دەڵێ، پارتی جوڵەی بەهیچ هێزێک بۆ کەرکووک نەکردووە و ئەوەی دەگوترێ پڕوپاگندەی میدیاییە و دوورە لە راستییەوە..دەیشڵێ، ئەگەر پارتی بیەوێ هێز بۆ کەرکووک بجوڵێنێ هیچ هێزێک رێگری لێ ناکات.
(محمد كەمال) بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند، ئەو زانیاریانەی باس لە هاتنی هێزێكی پارتی دەكەن بۆ كێڵگە نەوتییەكانی شاری كەركووك ئەسل و ئەساسی نییە و هیچ هێزێك نەهاتووە بۆ ناوچەكە؛ ئەگەر هێزی پارتیش بێت بۆ ناوچەكە هێز نییە رێگری لێ بكات، ئەوەی لە راگەیاندنەكان باسی لێوە دەكرێ پڕوپاگندەیە و هەندێ میدیا لە ئاوی لێلدا مەلە دەكەن و دەیانەوێ پرسەكە بورژێنن و بیكەنە كێشە، من خۆم چوومەتە دوبز و بیرە نەوتەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پارێزراون و هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی كاك كەمال كەركووكی لەناوچەی دوبز جێگیركراون و پێویست بە هێزی دیكە ناكات.
محەمەد كەمال دەیشڵێ" بەر لە دووساڵ كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش هێزێكی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ناوچەكەو پاراستنی كێڵگە نەوتیەكانی هاڤانە و بای حەسەنیان لە ئەستو گرتووە، ئەو هێزە زۆر بە باشی ئەركی خۆی جێ بەجێ كردووە، تەنانەت بۆ یەكجار مەترسی بۆسەر كێڵگەكانی نەوت دروستبووە ئەویش كۆنتڕڵكراوە و لە ئێستادا هیچ شتێكی ئەوتو نییە باسی لێوە بكرێ.
قائید میرۆ




