پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكات.
دەقی پەیامەكە:
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی جەژن لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین، بە تایبەتی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان، هیوادارین هەمیشە گەلەكەمان سەرفراز و شاد و بەختەوەر بێت و هەر رۆژێكی جەژن و كامەرانی بێت.
روون و ئاشكرایە، كە جەژنی قوربانی پیرۆز، پەیامی لێبووردەیی و ئاشتەوایی و برایەتییە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، بۆیە ئومێدەوارین ئەو جەژنە ببێتە زیاتر هەوێن و هاندەری پێكەوەژیان و یەكڕیزیی كۆمەڵگەی كوردستانی و وەلانان و سڕینەوەی هزروبیری توندوتیژی و نەزعەی شەڕانگێزی و دابینكردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و پێكهاتەكانی گەلەكەمان.
ئاواتەخوازین ئەو بۆنە پیرۆزە مایەی خێروخۆشیی یەكجارەكی بێت بۆ گەلەكەمان بە تایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا بۆ بنبڕكردنی كێشە و گیروگرفتەكان و یەكلاكردنەوەی شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و گەییشتن بە ئامانج و داخوازییە رەواكانمان.
جارێكی دیكە جەژنی قوربانی پیرۆز لە هەموو لایەك پیرۆز بێت...
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان




