٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سەرۆك بارزانی مەسەلەی سەربەخۆییی كوردستانی لە قەدەغەوە كردە بابەتی گفتوگۆ"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، لە یەك كاتدا (سەرۆك بارزانی) لە فەرەنسا و، سەرۆكی حكوومەت لە بەغدا باسی بابەتی سەربەخۆییەکەی گەلی كوردستان دەكەن؛ هەر بەوەدا دیارە بابەتەكە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و جیهانیشدا تێروتەسەل باسی لێوە دەكرێت و (سەرۆك بارزانی) قەدەغەبوونی مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستانی شکاند و كردیە بابەتی گفتوگۆ.

(د. چواس حەسەن) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە یەك كاتدا (سەرۆك بارزانی) لە فەرەنسا و، سەرۆكی حكوومەت لە بەغدا باسی بابەتی سەربەخۆییی گەلی كوردستانی دەكەن، ئەمەش دەرخەری ئەم راستیەیە بابەتی سەربەخۆبوونی كوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی و هەرێمی و جیهانیدا گفتوگۆی جددیی لێوە دەكرێت. لەكاتێكدا دەوڵەتێكی گەورەی وەكو فەرەنسا لەسەر ئاستی ئەورووپا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ددان بە دروستبوونی دەوڵەتی كورددا دەنێت و پشتگیریی لێ دەكات ئەمە بەرەوپێشچوونێكی گەورەیە لە قەزیەی كورددا."

ئم چاودێرە سیاسییە جەختیشی كردەوە: "(سەرۆك بارزانی) مەسەلەی سەربەخۆییی كوردی لە تابۆوە كردە بابەتی گفتوگۆ؛ خۆی كاتی خۆی قەدەغە بوو كورد لە هیچ كوێیەكی دنیادا باسی مافی خۆی كردبا و باسی دەوڵەت و سەربەخۆیی بكات؛ بەڵام (سەرۆك بارزانی) لەو 10 ساڵەی سەرۆكایەتییەكەیدا سەربەخۆیی كوردستانی كردە بەرنامە و دروشمێكی گەورە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ."


(د. چواس حەسەن) ئاماژەیشی دا: "دەبێ كورد لە ناو خۆیدا یەكگرتوو بێت و پشتیوانی تەواوی هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن بۆ سەربەخۆبوونی گەلەكەمان. خۆ ئێمە دژایەتی و خەتەرێكی گەورە نابینین لەسەر پرۆژەی دەوڵەتی كوردستان چ لە ئاستی هەرێمی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. چونكە هەرێمی كوردستان بووەتە هێزی یەكەمی دژ بە تیرۆر و هەموو جیهان پشتیان پێی بەستووە و یارمەتییشی دەدەن."


سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار