٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووری بریمۆ: پەیەدە پەنجا بەرپرس و كادیرمانی لە عەفرین زیندانی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  پەنجا سەركردە و كادیری پارتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەنێو زیندانەكانی ئاسایشی پەیەدەدان؛ ئەندامێکی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریایش دەڵێ، پەیەدە تەنیا گوێ لە ڕژێمی بەشار دەگرێ و باوەڕی بە دانوستان نییە.

نووری بریمۆ ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئاسایشی پەیەدە تا ئێستا پەنجا سەركردە و كادیرمانی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستگیر كردووە و لە بەندیخانەكانی شاری عەفریندا زیندانی كردوونە و ڕێگەیان پێ نادرێت تەنانەت كەسوكاریان بیانبینێ؛ دەستگیركراوەکان دووانیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دووانیشیان ئەندامی سەركردایەتینە و ئەوانی دیكەش كادیری حزبن."

بریمۆ دەشڵێ: "پەیەدە بە دەستگیركردنی ئەو بەرپرس و كادیرانە دەیەوێ زۆر بۆ حزبە  شۆڕەشگێڕەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بهێنێت؛ چەندین جار خۆپیشاندان و گردبوونەوەمان كردووە، بە داخەوە سوودی نەبووە، كێشەی سەرەكی ئەوەیە پەیەدە باوەڕی بە دانوستان نییە و تەنیا گوێ لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەگرێت؛ جا زەحمەتە ناوبژیوانییش سوودی هەبێ؛ ئێمە لای پەیەدە مەحكوومین!"

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار