٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای بارزانی جەژنانە بەسەر 700 خێزانی شاری هەولێردا دابەش دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، هەڵدەستێت بە دابەشكردنی پارسێلی وشكەخۆراكی 30 كیلۆگرامی بەسەر 700 خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی گەڕەكەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری.

لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر خانەوادەی هەژار و كەمدەرامەتان لە هەرێمی كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پڕۆژەی هاوكاریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری رادەگەیەنێت و 700 پارسێلی خۆراك بەسەر 700 خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی كۆمەڵەی نابینایان و شاوێس و پیرزین و مامۆستایان و مامزاوا و كەسنەزان و بنەسڵاوە و ژمارەیەك گەڕەكی تری ناوشاری هەولێر و دەوروبەری دابەش دەكات كە هەر خێزانێك 30 كیلۆ كە لە كارتۆنێك خۆراك پێك هاتووە، دەیدرێتێ كە لەمانە (برنج، ساوار، زەیت، دۆشاوی تەماتە، خوێ، شەكر، فاسۆلیا، چا، رشتە، شیر، نۆك، سریلاك)‌ پێك هاتووە.

لەو بارەیەوە، (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان و بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمەكەمان كردووە، بە پێویستمان زانی هاوكاریی خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی ناو شاری هەولێرو دەوروبەری بكەین كە وەك جەژنانەیەك دەبێت بۆیان و كەلێنێك لە پێداویستی خۆراكیان بۆ پڕ دەكەینەوە".

گوتیشی: "جگە لە جەژنی قوربان كە چەندین چالاكیمان لە بواری هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەر و كەسوكاری شەهیدان و كەمدەرامەتان هەیە، هاوكات پرۆژەی دابەشكردنی هاوكارییەكان ساڵانە بە درێژایی مانگ رەمەزانیش بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش (75.563) خێزانی كەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان سوودمەند بوون، بۆ جەژنی قوربانیش پڕۆژەمان هەیەو لە دەستپێكدا پارسێلی خۆراك بەسەر خێزانی هەژار و كەمدەرامەتی گەڕەك و ناوچەكانی دەوروبەری شاری هەولێردا دابەش دەكەین و لە رۆژانی جەژنی قوربانیشدا پڕۆژەی كوشتنەوەی ئاژەڵ و دابەشكردنی گۆشتەكەی بەسەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان و هەروەها بۆ ئاوارەو پەنابەرانی كەمپ و دەرەوەی كەمپەكانیش، دابەش دەكرێت".

 

هەواڵی پەیوەندیدار