٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بادینی: سەردانی بارزانی گرینگە، چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكەدا ڕوو بدات

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (د. ڕەزوان بادینی)، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین، ئاماژە بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ فەڕەنسا و پەیوەندی مێژوویی كوردستان و فەڕەنسا دەكات و دەڵێت: "فەڕەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەیه‌ كە دەیەوێت پشتگیری لە دۆزی كورد بكات بە تایبەتی پرسی سەربەخۆیی".
 
لەبارەی گرینگیی سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ فەڕەنسا و چاوپێكەوتن و دیدارەكانی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە و كاربەدەستانی فەڕەنسا، (د. رەزوان بادینی) ئاماژە بەوە دەكات كە سەردانی (بارزانی) بۆ فەڕەنسا زۆر گرینگ و مێژووییە بە تایبەتی لە بارودۆخی كوردستان و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە كوردستان، هەموو ئەمانە دەری دەخەن گرینگیی ئەم سەردانە لەوەدایە كە (سەرۆك بارزانی) لە ئان و ساتی گۆڕانكارییەكان سەردانەكەی كردووە، بە تایبەتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان كە بابەتێكی سەرەكی بووە لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا باسی كردووە، پێم وایە كە دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر لە فەڕەنسا ژیاوم ئەو وڵاتە یەكێكە لەو وڵاتە ئەورووپیانەی كە لە هەموویان زیاتر پەیوەستە بە كێشەی كوردەوە بە تایبەتی باشووری كوردستان، كه‌ ئێستایش (فرانسوا هۆڵاند) وەك سەرۆكی فەڕەنسا بە ئاشكرا پشتیوانیی گەلی كوردستان  دەكات".
 
(بادینی) گوتیشى: ئەم سەردانە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر قووڵبوونەوەی پەیوەندیی هەردوولا، جگە لەوەیش پەیوەندی دیپلۆماسیی كوردستان و فەڕەنسا بەهێزتر دەبێت بۆ ئاستێك كە هەردوولا دەتوانن هاوكاریی یەكتری بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ لەبارەی ئەوەی كە ئایا فەڕەنسا دەتوانێت چی بۆ هەرێمی كوردستان بكات، پێی وایە كە، فەڕەنسا پێشووتر زۆر كاری كردووە بۆ باشووری كوردستان و ئێستایش هاوكاری دەكات بە تایبەتی لەسەر پرسی پێدانی چەك بە هێزی پێشمەرگە، رەنگە ئەگەر وڵاتێك دوودڵ بێت لە پێدانی چەك بە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوان ئامادەیی تەواویان نیشان داوە، لە هەمان كاتدا سەردانی لەناكاوی گەورە فەرماندەكانی فەڕەنسا بۆ كوردستان نیشانەی هەبوونی ئەو متمانەیە لە نێوانیاندا، لە هەمان كاتدا لەسەر پرسی نەتەوەیی و بڕیاری چارەنووسازی كوردستان فەڕەنسا لەگەڵ كوردستاندایە ماوەیەك پێش ئێستا من ئاگادار بووم كە (برێت كۆشنەر)، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی فەڕەنسا لەگەڵ كۆمەڵێك خزم و دۆستانی قسەی كردووە و باسی لەوە كردووە كە رێگای سەربەخۆیی كوردستان شتێكە پشتیوانی لێ دەكرێت، واتە راگەیاندنی دەوڵەت كاتی هاتووە.
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ده‌شڵێن، سەردانی (بارزانی) بۆ فەڕەنسا گرینگە و دووپاتكردنەوەی پەیوەندیی هەردوولایەنە، چاوەڕوانیش دەكرێت گرینگیی ئەم سەردانە لەوەدا دەركەوێت كە گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكەدا ڕوو بدات.
 
(د. ڕەزوان بادینی)، لەمەڕ سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ فەڕەنسا، پێی وایە كە، تارادەیەكی زۆر سەردانەكە سیاسی بووە، لە ئەنجامی ئەم سەردانەیشدا هەندێك هاوكێشەی سیاسی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، لە هەمان كاتدا هەندێك ورەدەكاری هەیە دەبێت خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، لەوانە سەردانی (بارزانی) بۆ توركیا پێش فەڕەنسا، نیشانەی ئەوەیە كە جۆرێك لە تاكتیكی بەهێز لەكاری یاسی لەلایەن (بارزانی)ـیەوە هەیە، چونكە ماوەیەك گوشار لەلایەن توركیا و ئێرانەوە لەسەر ئەمەریكا و ئەورووپا هەبووە بۆ ئەوەی پرۆژەی سەربەخۆیی دوا بخرێت، بەڵام دووبارە بەم سەردانە (بارزانی) ئەم بابەتەی تۆخ كردەوە و جەختی كردەوە لەسەر پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەت كە ئەم وڵاتانەی گوشاریان كرد، نەیانتوانی بەسەر ئیرادەی كورددا سەر بكەون.
 
كارزان سەباح هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار