فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه: نابین به به‌شێك له ململانێ و شه‌ڕی نێوان سوننه و شیعه

موسڵ-KDP.info- گوتەبێژی ھاوپەیمانه‌تیی نێودەوڵەتی ئاماژەی داوە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا ئۆپه‌راسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ به‌رپا ده‌كرێ، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، ئێمە تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکاندا به‌شداری له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا دەکەین و ناچینه سەنتەری مووسڵه‌وه، چونکە ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی شەڕی سوننە و شیعە به‌دوور نابیندرێ.
(حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "تا ئێستا بە تەواوی دیار نەبووە چ کاتێک ئۆپه‌راسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ دەست پێدەکات، بەڵام ئاگادارین کە پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئۆپه‌راسیۆنە دەست پێ بکات.''
بەرپرسی میحوەری باشیک (حەمید ئەفەندی) گوتیشی، بۆ دەستپێکردنی ئەو ئۆپه‌راسیۆنە ئێمە ئامادەین و ته‌نیا لە ماوه‌ی سێ رۆژدا خۆمان ئامادە دەکەین و کێشەمان نییە، بەڵام ھاوپەیمانانی نێوده‌وڵه‌تی لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان رۆژەکە دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ئەو بەرنامە دانێین و دەست پێبکەین.''
ئه‌و فه‌رمانده‌یه ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی به‌شداریی پێشمه‌رگه له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا ده‌ڵێ، ''ئێمە بەشداری لە رزگارکردنی ناو سەنتەری مووسڵ ناکەین و تەنھا ده‌چینه ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی ھەرێمه‌وه، لەبەر ئەوەی پێشبینی ده‌كرێ كه لەو شەڕە کارەساتێکی گەروە لەنێوان سوننە و شیعەدا روو دەدات، بۆیە تائێستا ئەو بەرنامەی ھەیە ئێمە ناچینه نێو سه‌نته‌ری مووسڵه‌وه؛ نامانه‌وێ ببین به بەشێک لەو شەرە تایفییە چاوه‌ڕوانكراوه.''
بڵند ئیبراھیم




