٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جانۆ: پێشوازییەکەی سەرۆکی فەرەنسا لە سەرۆک بارزانی پەیامی گۆڕانکارییەکی گەورەی دایە ناوچەکە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەو پێشوازییە گەرمەی ئەمڕۆ وەکو سەرۆک وڵاتێک لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا لە سەرۆک بارزانی کرا نامەیەکی گرینگە بۆ ھەموو وڵات و لایەنێک ڕەوانە کرا؛ بەم نزیکانە گۆڕانکاری گەورە ڕوو دەدا کە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە.

ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق (ڕێناس جانۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پرسی پرۆتۆکۆڵ و دیبلۆماسیدا پێشوازی تەنها لە هاوئاست دەکرێت؛ سەرۆکوەزیران بەرامبەر سەرۆکوەزیران دەبێت و سەرۆککۆمار بەرامبەر سەرۆککۆمار دەبێت، بەڵام گەر بەپێی یاسای و دەستووری ھەرێمی کوردستان بێت ئێمە ھەرێمین و ئەمە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیش سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئەو ھەرێمەیە، بەڵام ئەوەی ئەو جۆرە پێشوازیەی لە سەرۆک بارزانی دەکرێت وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک ھێز و توانای کەسایەتیی 'سەرۆک بارزانی'ـیە کە خۆی توانیویەتی ئەو پێگەیەی دروست بکات، ئەمەش زیاتر بەوەی کە توانیویەتی لە جیاتی ھەموو دنیا سەرکردایەتیی شەڕی داعش بکات و بەرگرییەکی زۆر باش بکات و شکستی گەورە بە داعش بھێنێت."

(ڕێناس جانۆ) گوتیشی، ئەو پێشوازییە گەرمەی وەکو سەرۆک دەوڵەتێک لە سەرۆک بارزانی دەکرێت بە تایبەت ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا تەنھا نابێت، بەڵکو چەندین پێشوازی دیکەی ھاوشێوە بەم نزیکانە دەبێت، ئەمەش پەیامی زۆر گرنگ و ڕوونن کە بەم نزیکانە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە روودەدات.

(جانۆ) ڕوونیشی کردەوە، ئەو گۆڕانکاریانەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێ؛ جا ئەمە پەیامێکە بۆ ھەموو وڵات و لایەنێک.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق  ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو گۆڕانکاریە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان دەبن لەبەر ئەوەی دیارە کە ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو سەنگدانە بە سەرۆک بارزانی لەم دۆخەدا زۆر ڕوونە گۆڕانکاری گەوروە بەڕێوەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەم ئێوارەیە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنساوە پێشوازی لێ کرا.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار