وا خەریكە فرۆشتنی نەوتی كەركووك ڕێچكەیەكی ڕاستاڵ وەردەگرێ

كەركووك -KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك دەڵێ دووای ڕێكەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوتی کەرکووک وا خەریكە فرۆشتنەكەی ڕێچكەیەكی ڕاستاڵ وەردەگرێ كەچی خەڵكێك دەیەوێت گرفتی بۆ دروست بكات ئەمەش نارەزایەتیەكی زۆری كەركووكیەكانی لێكەوتۆتەوە، نەوتی كوردستان نابێت بۆ گیرفانی هیچ لایەنێك بچێت و دەبێ مووچەی پێ كامل بكرێت و بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك تەرخان بكرێت.
)د.محەمەد قورشید) ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێكی نەوتی کەرکووک بە ونی ڕۆیشتووە و یاریی پێ كراوە، ماوەیەكیش حكوومەتی عێراق بە ناهەق هەناردەكردنی نەوتی کەرکووکی ڕاگرت. كەچی ئێستا دووای ئەوەی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەسەر نەوتی کەرکووک ڕێكەوتن واخەریكە كارەكان و شێوازی فرۆشتنەكەی ڕێچكەیەكی ڕاستاڵ وەردەگرێ، كەچی خەڵكێك دەیەوێت گرفتی بۆ دروست بكات. ئەمەش ناڕەزایەتیەكی زۆری كەركووكییەكانی لێ كەوتەەرتەوە ، چونكە زۆر گەشبین بوون بەو ڕێكەوتنەو تائێستا ئەو لایەنەشی لەپشت ئەم گرفت دروستكردنەیە هیچ وڵامێكی بۆ خەڵكی پێ نییە."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك جەتختیشی كردەوە: "پارتی بەهیچ شێوەیەك وەكو حزب پەیوەندی بە نەوتی کەرکووکەوە نیە، بەڵكو سەرپەرشتی كردن و هەناردەو فرۆشتنەكەی پەیوەندی بە حكوومەتی هەرێمەوە هەیە. پارەكەیشی بۆ هەموو چین و توێژەكان خەرج دەكرێت بەبێ جیاوازی، كە ئەمانەش هیچ پەیوەندیان بە پارتیەوە نییەو كاری حكومەتە."
)د. محەمەد قورشید) ڕاشیگەیاند: "پارتی هەرگیز داوای نەكردووە بەشی هەبێت لە نەوتی کەرکووک، ئەوەندەشی پیمان بكرێت دەبێ هەوڵی دوورخستنەوەی حزب بدەین لە بابەتی نەوت و سامانەكانی تری وڵات و بەرەو بەدامەزراوەیی بوونێكی سەد لە سەدی ببەین."
گوتیشی: "لەساڵی 2016ـدا پترۆدۆلاری کەرکووک لەلایەن هەرێمەوە دابین كراوە، ئێستاش مانگانە بری 10ملیۆن دۆلار لەلایەن هەرێمەوە بۆشاری كەركووك تەرخان كراوە. نەوتی كوردستان نابێت بۆ گیرفانی هیچ لایەنێك بچێت و دەبێ مووچەی پێ كامل بكرێت و بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك تەرخان بكرێت."
سەرباز واحد




