وەزیری پەروەردە: مامۆستا لەوە گەورەترە لێی بپێچنەوە؛ لە هەوڵی چارەکردنی کێشەکەیانداین

سلێمانی-KDP.info- وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئەمڕۆ نمرەی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاکان ڕادەگەیێنرێت و ٢٧/٩/٢٠١٦ دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان دەکرێتەوە و لە سلێمانی و ھیچ شوێنێکی تر خوێندن بایکۆت ناکرێت.
ئەمڕۆ (پشتیوان سادق) وزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند: "(۲٠۱٦/۹/۲۷)ی زایینی ڕۆژی سێشەممە دەوامی فەرمی خوێندنە و زەنگی یەکەم وانە لێ دەدرێت، ئەوڕۆ ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاکان ڕادەگەیێنرێت، بە ھەموو شێوەیەک یارمەتیدەری مامۆستایان دەبین؛ نە یەکێتی مامۆستایان و نە ھیچ کەسی تر لە ھەرێمی کوردستان خوازیاری بایکۆتکردنی خوێندن نییە، بەتێکچوونی پرۆسەی خوێندن ھەموومان زەرەرمەند دەبین، سەرۆکی ھەرێم لە خەمی مامۆستایان تێدەگات و ھەوڵی تەواوی چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان دەدات. ئێمە زەخت و فشار ناخەینە سەر کەس و ئاسانکارییەکی دەکەین بۆ مامۆستایان، نەکا پرۆسەی خوێندن بوەستێت؛ مامۆستایانی ئێمە لەوە گەورەترن کە ئیجرائاتیان لەگەڵ بکرێت."
(سادق) گوتیشی: "وا لەبەر قەیرانی دارایی ٣٧٠ پڕۆژەمان لێ وەستاوە، بەڵام بە ھاوکاری ڕێکخراوەکان و حکوومەت زیاتر کارمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، ھەروەھا بۆ (۱٠/۱)ی ئەمساڵ کتێب ئامادە دەبێت و دابەش دەکرێت لە قوتابخانەکاندا، کەرتی گشتی سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێناوە لە خوێندن و قوتابییە سەرکەوتووەکان ھەمیشە لەم کەرتە بوونە. لە سلێمانی پرۆسەی خوێندن ناوەستێت و ئێمە وەک وەزارەت بەرگریکاری ھەموو مامۆستایانین و داخستنی دەرگای قوتابخانە لە دەسەڵاتی کەسماندا نییە و نابێ ھیوای ئەوە بخوازین و ناشبێت کاریشی بۆ بکەین."
فایزە کۆیی




