دوو هۆكاری سەرەكی بۆ زیاد نەكردنی داهات.. نەوتی كەركووك و داهاتی سلێمانی

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دوو هۆكاری سەرەكی هەبوونە كە داهاتی هەرێمی كوردستان زیاد نەكرێت و دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانیش نەكرێت، ئەوانیش ڕاگرتنی نەوتی كەركووك بە بڕیاری (هێرۆ خان) و ڕاگرتنی داهاتی سلێمانی و نەناردنی بۆ وەزارەتی دارایین.
(دڵشاد شەعبان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند هۆكارێك هەن كە تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە گۆڕانكاری لە پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بكات، لەوانە "ئەی تی ئای" نەوتی هەرێم كە كوالیتەكەی بەرامبەر بە برێنت زۆر كەمترە و هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە پابەندبوونی كۆن و نوێی كە حكوومەتی هەرێم قەرزی كردووە بۆ مووچە لەبەر ئەوە لەناكاو مووچە بڕدرا ناچار بوو ئەوكات نەوت بدات بەرامبەر بە ئەو قەرزە، بۆ ئەوەی مووچە دابین بكات و ڕێككەوتن كرا لە سەرەتای ٢٠١٥ دوای بەرهەم زیاد بكەن لە جیاتی ئەو قەرزە نەوت بداتە كۆمپانیاكان، بۆیە دواتر هەرێم ڕێككەوتنێكی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەبارەی بوودجە كرد بۆ ساڵی ٢٠١٥تاوەكو مانگی شەش هەموو نەوتی خۆی ڕادەستی بەغدا كرد، بەڵام ئەوان بەشەبوودجەی هەرێمیان ڕەوانە نەكرد، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا كە بەغدا پابەندی ڕێككەوتن نابێت نەوتی خۆی بەشێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت و دواتر ئەو بڕیارە هاتە پەرلەمان و حكوومەت لەگەڵ پەرلەمان كۆ بووەوە و هەموو لایەك لەسەریڕێككەوتن، بۆیە ئەمە وەڵامێكە بۆ ئەوانەی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار دەكەن كە بە تەنیا بڕیاری فرۆشتنی نەوتی داوە و هەموو بەڵگەكانمان لا ماوە هیی ئەو كات كە پەرلەمان خۆی پاڵپشتی ئەو بڕیارەی كردووە".
(شەعبان) گوتیشی: "لەو ماوەیەدا حكوومەتی هەرێم نەیتوانی نەوت بداتە ئەو كۆمپانیایەی ملیارێكو٨٠٠ملیۆن دۆلار قەرزی لێ كردووە و، وا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار سووی چووەتە سەر، ئەوە بوو مانگی حەوت و هەشت حكوومەت هاتە پەرلەمان و باسی لەوە كرد بەپێی ئەو پاڵپشتییەی پەرلەمان داویەتی پێمان ڕێككەوتنێكمان كردووە لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەورەدا و، ناوەكەیشیان پێ گوتین، بەڵام جارێ ناوەكەی نادركێنین، لەبەر ئەوەی ئەو كۆمپانیایە لەگەڵ حكوومەتی عێراقیشدا مامەڵە دەكات و، نایانەوێ كێشەیان بۆ دروست ببێت. دیارە ئەو كاتە هەرێم ڕۆژانە ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوتی هەڵدەهێنجا و، دەیدا بەو كۆمپانیایە، ئەوكات دەیكردە ٧٥٠ملیۆن دۆلار، ئەوكات ڕێككەوتنەكە وا كرابوو ٨٢٠ملیۆن دۆلار بدەنە ئێمە، ئاخر هەم پارەمان پێویست بوو، هەم هەندێ مووچەیشمان نەدابوو، لەو دوو مانگەدا مانگانە ٨٢٠ملیۆن دۆلار دەهات و، سێ مووچەی پێ دابین كرا. ئەوكات مووچەی فەرمانبەران پێكەوە دەیكردە ٧٣٠ملیۆن دۆلار، هەڵبەت نرخی نەوت ئەوكات ٦٥ دۆلار بوو."
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ: "دوایی نرخی نەوت دابەزی تا گەییشتە ٢٦دۆلار كە هەرێمیش ناچار بوو نەوتی خۆی بە دە دوانزە دۆلار كەمتریش بفرۆشێت، ئاخر كوالیتییەكەیشی كەمتر بوو، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ ئەو كۆمپانیایە باسی لەوە كرد ناتوانین ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام بكەین و، نرخی نەوت بە چەند بێت هەر ئەوەندەتان پێ دەدەین، مانگی دوو و سێ لەبەر تەقینەوە، ٢٥ ڕۆژ لوولەنەوتەكەی هەرێم پەكی كەوتبوو، داهاتی نەوتی هەرێم لەو دوو مانگەدا بە هەموویەوە ٤٠٥ملیۆن دۆلار بوو."
(شەعبان) باسی لەوەیش كرد، حكوومەتی هەرێم ئەوكات بڕیاری دا كە نیو مووچە بدات كە بۆ ئەو نیوە پێویستی بە ٤٥٠ملیۆن دۆلار بوو، داهاتی هەرێم ئەوكات ٢٠٠ملیۆن دۆلار زیاتر نەبوو! مانگی چوار دوای چاككردنەوەی لوولەنەوتەكەی هەرێم داهاتی نەوت بووە ٣٧٥ملیۆن دۆلار كە هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوت ٧٥ملیۆن دۆلارە لەو داهاتە كە پێویستە پێیان بدەی گەرنا بەردەوام نەدەبوون، بۆیە هەرێم ناچار بوو سێ گرێبەستی دیكە بكات بۆ فرۆشتنی نەوت كە پارە وەردەگرێت و، دوایی نەوتی پێ دەدات، كە بەپێی ئەو گرێبەستە بۆ ماوەی پێنج مانگ مانگانە ١٠٠ملیۆن دۆلار بدەنە هەرێم، مانگی چوار كە داهات ٣٠٠ملیۆن دۆلار بوو لەگەڵ ئەو ١٠٠ملیۆن دۆلارە توانرا نیو مووچە دابین بكرێت، بۆیە حكوومەت ناچارە لە جیاتی دانەوەی ئەو پارەیە نەوت بدات، گەرنا ڕووبەڕووی لێپچێچینەوەی یاسایی دەبێت لە دادگا، ناچار هەر مانگە و چەند ملیۆن بەرمیلێك نەوت لە بری ئەو قەرزە دەدەنەوە."
ئەوەیشی خستە ڕوو، كێشەی هەرەسەرەكی كە لە مانگی سێیەوە بۆ ئێمە دروست بووە كە پێش ئێستا مانگانە داهاتی ناوخۆی هەرێم ١٢٠ملیۆن دۆلار دەهات كە ماوەی ١٠ مانگە داهاتی پارێزگای سلێمانی و گومرگەكانی باشماخ و پەروێزخان كە نزیكەی ٦٠ملیۆن دۆلارە تا ئێستا ڕایانگرتووە و ڕەوانەی ناكەن ئینجا بڕیاری سیاسییە یاخود بۆ هەندێك كەس دەچێت نایەتە وەزارەتی دارایی، ئەمە هۆكارێك، هۆكاری دووەم ئەوەیە بەڵگەمان هەیە كە نووسراوی فەرمییە نەوتی كەركووك بە بڕیاری (هیرۆ خان) لە مانگی سێوە نەوتی كەركووك ڕاگیراوە، ڕۆژانە ١٥٠هەزار بەرمیل نەوت لەسەر ٤٠ دۆلار كە ماوەی پێنج مانگە ڕاگیراوە و نەوتی كەركووك كوالیتییەكەی گەر برێنت كوالیتی ٣٨بێت زیاترە لە ٤٥كە زۆر قیمەتی گرانترە بەردەوام بە ٥ دۆلار، بۆیە گەر بە ٤١ دۆلار بێت یەك ملیار دۆلار لە ماوەی ئەو پێنج مانگە دیار نییە و كەس نازانێت چی لێ هاتووە، بۆیە هەرێم و بەغدا ئەو رێككەوتنەیان كردووە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا و خەڵكی كەركووك لێی سوودمەند بن كە هەرێم مانگانە ١٨٠ملیۆن دۆلار لەبەر ڕاگرتنی نەوتی كەركووك زیانی پێ گەییشتووە و ٦٥ملیۆن دۆلاریش زیانی داهاتی سلێمانییە كە ٢٣٠ملیۆن دۆلار دەكات، بۆیە گەر ئەمە بێتە سەر داهاتی هەرێم نەك نیو مووچە دوا نەدەكەوت، بەڵكو دەتواندرا گۆڕانكار ی لە پاشكەوتیشدا بكرێ."
ئاماژەیشی دا كە، گەر ئەو پارەیە نەدزرابا ئێستا حكوومەت دەیتوانی سەدا٦٠ ـ ٦٥ـی مووچەی فەرمانبەران بدات، بۆیە ئێستا كێشەی نەوتی كەركووك چارەسەر بووە سەرەڕای ئەوەی بەربەستی بۆ دروست دەكرێت، بەڵام بەشێكی ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت، بەڵام داهاتی سلێمانی گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ڕەنگە ئەو كێشەیە بەردەوام بێت، كە ئەمانە دوو هۆكاری سەرەكین بوونەتە هۆی ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم كەم بكات و، پاشەكەوتەكە دەستكاری نەكرێت."
بڵند ئیبراهیم




