ئیبراھیم برۆ: "سکرتێری پەدەکەسە و ھاوەڵانی لە زیندانی(چرکین) گیراون"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی (ئەنەکەسە) لەبارەی دەستبەسەرکردنی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و کادیرانی(ئەنەکەسە) دەڵی، ئەوە (٢٠) ڕۆژە (محەمەد ئیسماعیل) و برادەرانی لە لایەن (پەیەدە)ـەوە گیراون لە بەندیخانەی(چرکین) لەنێوان قامیشلۆ و عاموودا، ئیستا لە ھەوڵداین بۆ ڕزگارکردنیان.
(ئیبراھیم برۆ) سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد-سووریا (ئەنەکەسە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمە (٢٠) ڕۆژە (محەممەد ئیسماعیل) سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لەگەڵ ئەندامێکی تری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لەگەل ئەندامی مەرکەزیی پارتی یەکێتیی کوردستانی- سووریا لەگەڵ ٢٠ کادیری(ئەنەکەسە) لە ڕۆژی(١٥-٨-٢٠١٦) تاکوو ئێستا لە کاتی پێشوازیکردنی شەھیدێک چووبوونە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن (پەیەدە)وە گیراون، هەڵبەت زانیاریمان وەرگرتووە لە زیندانی(چرکین) کە لە نێوان شاری قامیشلۆ و عاموودادایە دەستبەسەرن."
هاوکات کەسێکی نزیک لە خانەوادەی(محەممەد ئیسماعیل) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەکاتی بردنی جەنازەی شەھید(حەبیب قەدری) پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی شەری دژی داعش لە میحوەری خازر شەھید بووە، لەگەڵ کۆمەڵیک ھاورێیانی دیار نەماون."
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ببرێت گوتیشی: "ھەرچەندە ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەتی دەکەنەوە(محەممەد ئیسماعیل) لە لایەن ئەوانەوە دەستبەسەر کرابێت، بەڵام ئێمە دڵنیاین کە لەلایەن ئاسایشی ڕۆژئاواوە دەستبەسەرن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد-سووریا(ئەنەکەسە) دەڵێ، ئەم گرتن و دەستبەسەرکردانانە کاری زۆر خراپن، "ئێمە لەلایەن دیپلۆماسییە یان ھەر شێوەیەکی تر بێت ھەوڵی ڕزگارکردنیان دەدەین، ئاخر ئەمە کارێکی زۆر ناڕەواییە و (پەیەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دیکتاتۆرانە مامەڵە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا و هەروەها خەڵکی سڤیلیشدا دەکات."
فایزەکۆیی- ھەکار فندی




