٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵح مەلاعومەر: پێشوازیی فەڕەنسا لە سەرۆك بارزانی، قەبووڵكردنیەتی وەك سەركۆمار

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان پێی وایە، سەردانی (سەرۆك بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی فەڕەنسا و پێشوازییان لەلایەن سەركۆماری فەڕەنسا، دداننانە بەوەی كە (سەرۆك بارزانی) كاریگەری لەسەر رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هەروەها روونی كردەوە، فەڕەنسا رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش.

دكتۆر(ساڵح مەلاعومەر) پڕۆفیسوری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتی فەڕەنسا لە چەند روانگاوە گرینگیی خۆی هەیە، لەوانە سەركۆماری فەڕەنسا پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) دەكات ئەمە بە شێوەیەكی دیفاكتۆ نیشان دەدات (سەرۆك بارزانی) وەك سەركۆمارەكانی دەوڵەتەكانی دیكەی جیهان قەبووڵ كراوە، ئێستا وڵاتی فەڕەنسا یەكێك لەو دەوڵەتانەیە بە شێوەیەكی  زۆر جیدی دەیەوێ بەرەنگاری گرووپی تیرۆریستیی داعش ببێتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سووریا و عێراق، پێشوازیی فەڕەنسا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ، فەڕەنسا ددان بەوەدا دەنێت (مەسعوود بارزانی) كەسایەتییەكی كاریگەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەتوانێ كاریگەری یەكلاكەرە لە دژایەتیكردن و لەناوبردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش هەبێت، نەك تەنیا لەنێو عێراقدا، بەڵكو لە نێو سووریا و ناوچەكەیشدا".


(مەسعوود بارزانی) لە  23-5-2014 لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس لەگەڵ (فرانسوا ئۆلاند) کۆ بووەوە و، لە 12-9-2014 (فرانسوا ئۆلاند) یەکەم سەرۆک بوو سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)ـدا کۆ بووەوە و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ کوردستان و شەڕی دژ بە داعش نیشان دا؛ هەروەها لە - 10-2-2015  (مەسعوود بارزانی) بە بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی پاریسی کرد و لەگەڵ (فرانسوا ئۆلاند)دا کۆ بووەوە، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنی ناردنی هاوکاری دا بۆ پێشمەرگە.


ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان دەڵێ: "بە بۆچوونی من لەو سەردانەیدا (بارزانی) زۆر بە ڕاشكاوی ئەو پەیامە بە سەركۆماری فەڕەنسا دەگەیەنێ، كە لە دوای لەناوبردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەناو عێراق و سووریادا، پێویستە فەڕەنسا رۆڵی خۆی بگێڕێ و كێشەی كورد چارە بكرێت، ئەگەر تەماشای مێژوویش بكەین لە رێككەتنی سایكس پیكۆ كە لە ساڵی 1916 فەڕەنسا یەكێك بووە لەو دەوڵەتانەی كاریگەری لەسەر ئەمە هەبووە لەوەی رێككەوتنەكە دەربچێت و لەوكاتدا مافەكانی گەلی كورد پێشێل كران، بە بڕوای من ئەمجارە ئەركێكی ئەخلاقی دەبێت فەڕەنسا رۆڵێكی ئیجابی هەبێت بۆ ئەوەی هەڵەكانی مێژوو دووبارە نەبێتەوە و بە پێدانی مافی گەلی كورد، قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتاییان بێت".

فەرەنسا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بە زۆر شێواز هاوکاری پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە لە شەڕی دژی داعش و خودی (فرانسوا ئۆلاند) سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی باشیان هەیە و چەند جارێک یەکدییان بینیوە، سەرۆکی فەرەنسا یەکەم سەرۆکیش بوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

(مەلاعومەر) گوتیشی: "بێگومان خەسڵەتێك لەناو كەسایەتیی (سەرۆك بارزانی)ـدا هەیە ئەویش كەسێكی چاونەترس و راستگۆییەكی زۆر لە نێو لێدوانەكانیدا هەیە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو سیاسەتدا زۆر بە ڕاشكاوانە بە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوڵەتەكانی جیهانیشی و دراوسێ دەڵێت، دەوڵەتی سەربەخۆمان دەوێت، هەرچەندە هەموویان پێیان خۆش نییە كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، بەڵام كەسایەتیی (سەرۆك بارزانی) ئەمە پیشان دەدات بە ڕاشكاوی باسی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات، باوەڕم وایە لە دیداری سەرۆكی فەڕەنسادا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم پرسە باس دەكات، كە ئیتر لەم هەموو كارەسات و جینۆساید و نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كورددا هاتووە پێویستە ئیتر فەڕەنسا یارمەتیی میللەتی كورد بدات و كۆتایی بەم قەیرانە بێت، هەروەها دەرفەتێك بێتە كایەوە گەلی كورد بتوانێت بڕیار لەسەر مافی چارەنووسی خۆی بدات لەو چوارچێوەیەیشدا دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار