ئێمینكی، ئامادەییی پەرلەمانی بۆ پشتیوانیكردنی رێكخڕاوی "شەدا" نیشان دا

ههولێر-KDP.info- (جەعفەر ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمان، دامەزراندنی رێكخراوی "شەدا"ی بە هەنگاوێكی ئەكتیڤ و ژیرانە وەسف كرد بۆ خزمەتكردنی راستەوخۆی كەسوكاری شەهیدانی جەنگی دژی داعش؛ ئامادەییی پەرلەمانی كوردستانیشی نیشان دا بۆ پشتیوانیكردنی هەر چالاكییەكی ئەم رێكخراوە و جێبەجێكردنی داواكاری و پێداویستییەكانی.
ئەمڕۆ سێشەممە 6/9/2016، (دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازی لە ئەندامانی رێكخڕاوی "شەدا" كرد، كە پێكهاتووە لە زیاتر لە 300 لە ئەندامانی خێزان و كەسوكاری شەهیدانی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش.
لە دیدارێكدا، كە لە هۆڵی پەناگیریی تەلاری پەرلەمان بەرێوە چوو و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانەی كەسوكاری شەهیدان دەربڕی و، بە كەسانی زۆر خۆشەویست وەسف كردن و گوتی: "خۆمان بە بەختەوەر و سەرفراز دەزانین كە پێشوازی لە كەسوكاری ئەو زاتانە دەكەین كە گیانی خۆیان لە پێناو خاك و وڵاتدا بەخشیوە و خۆمان بە قەرزاری خوێنیان دەزانین."
(ئێمینكی) ئاماژەی بە رۆڵی پیرۆزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە گیانفیدایی و بەرگریكردن لە كەرامەتی خەڵكی كوردستان و شكاندنی ئەفسانەی داعش و سەلماندنی ئەو راستییەی كە میللەتی كوردستان، میللەتێكی زیندووە و خاوەن دۆست و پەیامێكی پیرۆز و پێگەیەكی بەهێزە لە بەرگریكردن لە هەموو جیهانی ئازاد.
(دكتۆر جەعفەر ئێمینكی)، هاوكات هەنگاوی دامەزراندنی رێكخراوی "شەدا" بە هەنگاوێكی ئەكتیڤ و ژیرانە وەسف كرد بۆ خزمەتكردنی راستەوخۆی كەسوكاری شەهیدانی جەنگی دژی داعش؛ ئامادەییی پەرلەمانی كوردستانیشی نیشان دا بۆ پشتیوانیكردنی هەر چالاكییەكی ئەم رێكخراوە و جێبەجێكردنی داواكاری و پێداویستییەكانی.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا چەند پێشنیاز و تێبینی سەبارەت بە چۆنیەتیی زیاتر خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و میكانیزمەكانی ئەم هەنگاوانە تاوتووكران و لە كۆتاییدا درعی پەرلەمان وەكو دیاری پێشكەش بە رێكخراوەكە كرا.





