٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كانی: بۆ سەربەخۆیی دوو شاند پێك دەهێنرێن.. لێپرسینەوە لە زێباری، تەسفیەی حیساباتە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (ئەحمەد كانی)، بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی پرسی ناوخۆییی عێراق و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و ئەگەری تێكچوونی شەراكەت لەسەر بنەمای دابەشكردنی پۆستە حكوومییەكان، قسە دەكات.

لە ماوەی رابردوو وەك تۆڵەیەكی سیاسی، چەند وەزیرێكی حكوومەتی عێراق بانگهێشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراون، بەشێكیان یارییەكی سیاسییان پێ كراوە و بەشێكیان وەك تۆڵەی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، ئێستا گرووپێك هەوڵی تۆڵەی سیاسی لە (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق دەدەن، ئێوە پێتان وایە ئەمە بە كوێ دەگات؟ (ئەحمەد كانی) ڕایگەیاند: "هەندێك لە دەوڵەتی یاسا بە ئەجێندای (نووری مالیكی) دەستیان كردووە بە  تەسفییەی سیاسی لەگەڵ لایەنەكاندا، بە تایبەتی هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت مەیدانەكە بۆ خۆیان بێت، بۆیە ئێستا بەرنامەیەكیان داناوە بۆ تەسفیەكردنی سیاسیەتی خۆیان، ئەم بەرنامەیەیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەست پێ كراوە، بە تایبەتی بەئامانجگرتنی نەیارانی دەوڵەتی یاسا، ئێمەیش لاریمان لە ڕووە قانوونییەكەی نییە و ئەنجوومەنی نوێنەران مافی یاسایی خۆیەتی هەر چەشنە لێپرسینەوەیەك بكات لەگەڵ وەزیرەكان و بانگهێشتكردنیان ئاساییە، زۆر ئاساییە وەزیر بانگهێشت بكرێت لێپرسنیەوەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوە بابەتێكی ئاساییە، بەڵام كاتێك ئەجێندایەتی سیاسی لە پشت بێت، قابیلی قبووڵ نییە".

لەبارەی ئەوەی بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانە لە بانگهێشتكردنی (هۆشیار زێباری) لەبەر ئەوەی كە پشكی پارتییە یان ئەمە لێدانە لە شەراكەت و بەشداریی پێكهاتەكان لە حكوومەتی عێراقدا، بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی دەڵێت: "(كاك هۆشیار) كەسایەتییەكی سیاسی نەك تەنیا عێراقییە، بەڵكو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەسایەتییەكە ناسراوە و ڕێزی لێ دەگیرێت، لەسەردەمی ئەودا كە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بوو یەكێك بووە لەوانەی كە ئاستی دیپلۆماسییەتی عێراقی گەیاندبووە لوتكە، لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و دەرەوەیش كەسێكی خۆشەویست بووە، بۆیە ئەوەی دەكرێت بە تەنیا لێدان نییە لە پێگەی (زێباری)، بەڵكو لێدانە لە پێگەی كورد، لێدانە لە پشكی كورد لە كاتێكدا ئەوەی ئەوان باسی دەكەن، بۆ مەبەستی پێشكەوتنی حوكمڕانی نییە لە عێراقدا، بەڵكو بە مەبەستی تەسفیەی حساباتە و بۆ لاوازكردنی پێگەی كوردە، بۆیە دەبێت لایەنەكان لە بەغدا نەكەونە ژێر ململانێی حزبی و گرینگە پشتیوانیی یەكتری بكەن، ئەمرٍۆ (كاك هۆشیار)ـە سبەی كەسێكی دیكەیە، ئەوەی گرینگە كورد یەكڕیز بێت، چونكە دوای (زێباری) نۆرەی ئەو خەڵكانە دێت كە نەیاری دەوڵەتی یاسان، لەوەیش دەچێت ئەم بانگهێشتكردنانە سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)ـیش بگرێتەوە".

سەبارەت بەوەی كە گرووپێك دەستیان بەسەر حكوومەتی عێراقدا گرتووە و دەیانەوێت شەراكەتی سیاسیی عێراق تێك بچێت، هەر ئەو گرووپەیش نەخشەی بڕینی قوتی خەڵكی كوردستانی داڕشتووە، (ئەحمەد كانی) بە راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات كە، گرووپێك بە ناوی دەوڵەتی یاسا دەیانەوێت شەراكەتی عێراق تێك بچێت و بە ئارەزووی خۆیان كەوتوونەتە تۆڵەی سیاسی لە لایەنە عێراقییەكان لە ناویاندا هەرێمی كوردستان و بەئامانجگرتنی حزبە كوردستانییەكان، كە ئەمە لە نەهجی سیاسیی عێراقی تازەدا جێگای نابێتەوە".

لەبارەی دەرئەنجامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئامانج لە هۆكاری چوونی ئەو شاندە كە وا باس دەكرێت هەندێك هەڵەی سیاسیی حزبەكانی كوردستانی راست كردووەتەوە، (ئەحمەد كانی) پێی وایە كە ئەم سەردانەی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ بەغدا، جیا لە هەموو سەردانەكانی دیكە سەركەوتوو بوو، هەم بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندیی هەرێم و بەغدا، هەم لەسەر پرسی نەوت، كە وا پیلانی بۆ دانرابوو كە نەوتی كەركووك بە تەنكەر بنێردرێتە دەرەوە كە ئەوە خۆی لەخۆیدا جێگای پرسیارە، بۆیە پێشبینی دەكەم خەڵكی كوردستان بەوە دڵخۆش بێت كە ئەو پیلانە پووچەڵ كرایەوە و دەرگایەكی نوێ كرایەوە بۆ ئەوەی نیازی خۆمان بە بەغدا بڵێین، چونكە (كاك نێچیرڤان) بە راشكاوانە لەسەر ئاییندەی كوردستان قسەی لەگەڵ بەغدا كردووە و بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانیش باس كراوە لەو سەردانەدا.

لەبەرانبەر وەڵامی بەغدا بۆ داواكارییەكەی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەربەخۆیی و پرسی ڕیفراندۆم و دیاریكردنی ئاییندەی كوردستان لە عێراقدا، بەرپرسی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی گوتی: "وەڵامی بەغدا وەك سەرەتا بە وەڵامی باشی دادەنێم، چونكە بڕیارە دوو شاند سەردانی كوردستان بكەن بۆ دیراسەكردنی ئەو خواستە، شاندێك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە و شاندێكیش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەردوو شاند تایبەتمەندن بۆ بابەتی ڕێكارە یاسایی و دەستوورییەكان، جگە لە بابەتە سیاسییەكان".

لەبارەی ئەگەری دروستكردنی كۆسپ لە بەردەم پرسی ڕیفراندۆم و ئاییندەی كورد لە ناوچەكە و ئەگەری بەرهەڵستیی بەغدا بۆ ئەو خواستە، (ئەحمەد كانی) دەڵێت: "ئەوانەی نەیارانی ئەو بیرۆكەیەن، دەبێت باش بزانن كە سەربەخۆیی كوردستان زۆرێك لە گرفتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەكات، دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ ئاسوودەبوونی ناوچەكە هەم بۆ عێراق كە گرفت و كێشەی زۆری هەیە بە تایبەتی حكوومەتی عێراق كە بەدەست كێشەوە دەناڵێنێت و بووەتە واقع، بۆیە شیعە و سوننە و كورد باشترە بە جیا خۆیان بەڕێوە ببەن.

لەبارەی ئەگەری پشتیوانیی ڕیفراندۆم لە لایەن حزبە كوردستانییەكانەوە، (ئەحمەد كانی) پێی وایە كە بابەتی ڕیفراندۆم پرسێكی نەتەوەییە و گوتی: "دڵنیاین كە هەموو لایەك پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەوەیشی كە ماوەتەوە بریتییە لە قەیرانی دارایی و سیاسی كە ئێمە خۆشحاڵین ئەم قەیرانە لە كوردستان تێپەڕێنرێت، لە هەمان كاتدا هاوكاریی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە دەكرێت كە ئەمەیش جێی دڵخۆشییە بەوەی پشتیوانیی قەوارەی كوردستان دەكرێت".

لەبارەی ئایندەی كوردستان و عێراق و پرسی پەیوەندیی هەردوولا، (ئەحمەد كانی) رایگەیاند: "دەبێت ئێمە و بەغدا لە یەكتری تێبگەین، یەكەم لایەن كە دەبێت لێمان بگات لایەنی عێراقییە، بۆیە پتەوكردنی پەیوەندیی ئێمە و بەغدا كارێكی ئیجابییە.

لەبارەی بەشداریی حزبەكانی كوردستانیش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی دووفاقیی هەندێك لایەن لەسەر حكوومەت، دەڵێت: "ناكرێت لەناو حكوومەتدا بیت و لەولایشەوە لە دژی بوەستیتەوە، بۆیە دەبێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت كە چۆن دەیانەوێت لەگەڵ حكوومەتدا بمێننەوە".

لەبارەی گرفتی حزبەكانیشەوە، (ئەحمەد كانی) دەڵێت: "ئێمە دەست لە كاروباری هیچ حزبێك وەرنادەین، مەگەر داوامان لێ بكەن، ئەگەرنا ئێمە سەرقاڵی كاری خۆمانین و كاری حزبیی خۆمان دەكەین".

 

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار