٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان سیرینی لەبارەی پرسی هۆشیار زێبارییەوە: پێم وانییە ئەو بابەتە وا بە ئاسانی تێبپەڕێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لێدانی (هۆشیار زێباری) لە بەرژەوەندیی خودی حكوومەتی عێراقیشدا نییە و، پێناچێت ئەو بابەتە وا بە ئاسانی تێبپەڕێت.

(د.سیروان سیرینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بابەتی (هۆشیار زێباری) لەوانەیە بەشێك بێت بۆ لێدانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەمان كاتیشدا لە چوارچێوەی ئەو پیلانەی (مالیكی) و دەوڵەتی یاسایە بۆ لێدانی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش، بۆیە پێم وانییە ئەو بابەتە وا بە ئاسانی تێبپەڕێت، چونكە (هۆشیار زێباری) كەسایەتییەكی سیاسی و خەباتگێڕێكی ناسراوە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی و، ڕۆڵێكی زۆر باشی گێڕاوە و بەتوانایە و، دەتوانم بڵێم هۆكاری بەستنەوەی سەرەكییە لە نێوان هەرێم و بەغدادا، هەروەها لە نێوان عێراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و عێراق و ئەورووپا و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی و كۆمكاری عەرەبییش."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بۆیە لێدانی (هۆشیار زێباری) لە بەرژەوەندیی خودی حكوومەتی عێراقیشدا نییە، بەڵام ئەگەر هاتوو (زێباری) ئەم پۆستە لە دەست بدات، ئاخیری دونیا نییە، چونكە بەڕێزیان پێگەیان زۆر لەوە گەورەترە كە وەزیرێك بێت لە حكوومەتێك تا سەر ئێسقان گەندەڵ بێت و، تێكڕای دەستووری عێراق پێشێل بكات."

(سیرینی) زیاتر گوتیشی: "ئەمە بە ئاسایی وەردەگرین، چونكە لە سەرەتای گەڕانەوەمان بۆ بەغدا و بەشداریكردنمان لە پرۆسەی ئازادی و حكوومەتی فیدڕاڵی، هیچ كاتێك بیرمان لە پۆست نەكردووەتەوە، ئەوەیش بە كردەوە سەلماندوومانە كە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانمان دا بە گۆڕان، لە كاتێكدا ئێمە نزیكەی 30 كورسییمان هەیە، بۆیە پۆست لای ئێمە گرینگ نییە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرینگە بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەكانی گەلی كوردە و، هەنگاوەكانیش بە دڵنیاییەوە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەهاوێژین".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار