٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

غەزالی: پێویستە دوو ساڵ هاوردەی هەموو بەروبوومێكی كشتوكاڵی قەدەغە بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ دەڵێت، تاكە رێگە بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و چارەكردنی كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، پێویستە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەموو بەروبوومێكی كشتوكاڵی كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، قەدەغە بكرێت.

(عەباس غەزالی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە سیاسەتی كشتوكاڵمان نییە و پێویستە پێداچوونەی پێدا بكرێت و گرینگیی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی ئاساییشی خۆراك بەشێكە لە ئاساییشی نەتەوەیی و گەر ئێمە خۆراكی خۆمان هەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەوكات هەنگاوی باش دەنێین لەو بوارەوە و تەنیا بە باجدانان كێشەیەی جووتیاران چارە نابێت".

(غەزالی) گوتیشی: "بۆ چارەكردنی كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام گلەیی و گازندەیان هەیە، پێویستە ماوەی دوو ساڵ هەموو بەرهەمێكی هاوردەی دەرەوە قەدەغە بكەین، بۆ ئەوەی متمانە و دڵنیایی بۆ جووتیارانی ئێمە بگەڕێتەوە و، كاتێك بەروبوومی خۆی دەباتە بازاڕ هەست بە زەرەر نەكات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە دەرەوە هاوردە نەكرێن، بۆیە گەر قەدەغە كرا، ئەوكات بە قاچاغیش ناتواندرێت هاوردە بكرێت".

ئه‌و ئەندامه‌ی لیژنەی كشتوكاڵ ده‌شڵیت، پێویستە هەموو جۆرە بەرهەمێكی كشتوكاڵی قەدەغە بكرێت، بۆ ئەوەی پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدەین و گلەیی و گازەندەی جووتیاران نەهێڵین و كێشەكانیان چارە بكەین، پێویستە ماوەی دوو ساڵ بەروبوومی كشتوكاڵی هاوردەكراوی دەرەوە قەدەغە بكەین، بۆ ئەوەی جووتیار دڵنیا بێت بەروبوومی لە بازاڕ سەرف دەبێت و قازانج دەكات  و ماندووبونی بە بەلاش ناچێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار