نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە عەممار ئەلحەكیم دەكات

ههولێر-KDP.info- وێڕای پیرۆزباییكردن لێی بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی نوێی هاوپەیمانیی نیشتمانی عێراقی، (نێچیرڤان بارزانی) و (عەممار ئەلحەكیم)، ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی و دواپیشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و قۆناغی دوای بنەبڕكردنی داعش لە عێراق و ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرالیان تاوتوو كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5-9-2016، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی نوێی هاوپەیمانیی نیشتمانی عێراقی، پیرۆزبایی لە (عەممار ئەلحەكیم) كرد.
سەرۆكوەزیران هیوای سەركەوتنی بۆ (عەممار ئەلحەكیم) خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و پاڵپشتی و پشتگیریی خۆیشی بۆ كارەكانی نیشان دا. هەردوولا جەختیان لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.
تاتوتووكردنی ڕەوشی ئەمنی و سیاسیی و دواپیشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و قۆناغی دوای بنەبڕكردنی داعش لە عێراق و ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال، لایەنێكی دیكەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو.




