سەركردەیەكی زەحمەتكێشان: کاتی سەربەخۆییی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پێی وایە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا زیانی گەورە بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد دەگەیێنێ؛ چونکە عێراق دەوڵەتێكی شاش (فاشیلـە) و، ئاخری هەر هەڵدەوەشێتەوە.
(گۆران جەلال) ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ساڵانێكی زۆرە هیچ بڕۆامان بە دەوڵەتی عێراق نەماوە و لە كۆنگرە و بۆنەكانیشدا ئێمەی زەحمەتكێشان دووپاتمان كردووتەوە؛ چونكە لە ڕووی جوگرافی و پێكهاتە و ژیانی سیاسی دەوڵەتێكی شاشە و پێویستە هەڵبوەشێتەوە، هیچ كاتێك نابێت كورد چاوەڕی بكات بۆ جیابوونەوە لە عێراق و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی کات بەفیڕۆ بدات؛ پێمان وایە بە جەماوەری تێكوشەری كوردستان دەوڵەتی كوردی دروست دەكرێت."
گۆران دەشڵێ: "ئێمە میللەتێكین بە زۆر بە عێراقەوە لکێندراوین و دەبێت ئەو زۆردارییە لەسەر خۆمانی لا بەرین، ئەزموونی نیو قەڕنی ڕابردوو ئەوەمان بۆ سەلمێندراوە عێراق ناتوانێت دەوڵەتی هاووڵاتی بێت، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە كورد زەرەرمەند بووە لەگەڵ عێراقدا و تا لەگەڵ عێراقیشدا بمێنینەوە، زیانی زۆرتر بە دۆزی گەلەكەمان دەگەیێنێ و دۆزی كورد لە عێراقدا دوادەخات.
قائید میرۆ




