٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردستان هێشتایش دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی سەردەمی بەعسی لێیە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە  بەكۆمەڵەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، هێشتا ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بەكۆمەڵ هی سەردەمی رژێمی لەناوچوی بەعس لە هەرێمی كوردستان هەن و دەشڵێ، دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری هەڵەبجە بوونیان هەیە و خەڵك ڕێگرە كاری لەسەر بكەین و زیاتر دەیانەوێ وەك ڕەمزێك بۆ نیشاندانی تاوانەكانی بەعس بمێنێتەوە.

 (پەروین نووری عەزیز) بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهید و ئەنفالكراوان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: "تاوانەكانی رژێمی بەعس ئەوەندە گەورە بوونە پێشبینی دەكەین هێشتا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ مابن و خەڵك تێیدا زیندەبەچاڵ كرابێت، چونكە ناوچە سنووریەكان چەندین خێڵ هەبووە بێسەرۆشوێن كراون و لە گۆڕی بەكۆمەڵدا شاردراونەتەوە، ئەوە جگە لە هەبوونی گۆڕی سەربازی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران.

بەڕێوەبەری گشتی گۆڕە بەكۆمەلەكان گوتیشی: "لە هەرێمی كوردستان ناوە ناوە ئێسك و پرۆسكی سەربازانی عێراقی و ئێرانی دەدۆزرێتەوە، بە تایبەتی لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە چونكە دوای كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە تەنیا سوپای عێراق لە هەڵەبجە مابووە و لە كاتی كاركردن گۆڕیان دەردەكەوێت."

پەروین نووری دەڵێ: "ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیان كیمیابارانی هەڵەبجە هێشتا ماون و لە كاتی دۆزینەوەی گۆڕەكان هەماهەنگیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ هەیە و پێكەوە كار لەسەر گۆڕەكان دەكەین، دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ لە هەڵەبجە و بالیسان دۆزراونەتەوە و شوورەیان بۆ كراوە، ئێمە لە وەزارەت تیمی تایبەتمان بۆ پێك هێناوە بە هەماهەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق و تەندروستیی هەرێم و عێراق، لەبەر ئەوەی ڕوفاتی نێو گۆڕەكان بەركەوتەی چەكی كیمیایین و كاریگەریان لەسەر تیمەكانمان هەبێت، بەڵام رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ڕێگر بوون لەوەی گۆڕەكان كاری تێدا بكرێت و پێیان ڕاگەیاندوین، ئەو گۆڕانە ناسنامەی تاوانی دژی كوردن و پێمان باشە بەو شێوەیە وەك ڕەمزێك بمێنێتەوە، تەنیا چوار گۆڕ بەر پڕۆژە كەوتوون و هەشتی ڕوفاتی تێدا دەرهێنراوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار