شەلال گەدۆ: رژێمی سووریا لە پشت تەقینەوەكانی رۆژئاوای كوردستانەوەیە

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- سەركردەیەكی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیێنێت، تەقینەوەكانی ئەمڕۆی رۆژئاوای كوردستان دەستی رژێمی سووریای تێدایە، بۆیە ئەگەر كورد پڕۆژەیەكی هاوبەشی نەبێت لە رۆژئاوای كوردستان، بەو ئاسانییە لە شەڕی سووریا دەرناچێت.
(شەلال گەدۆ)، نوێنەری ئەنەكەسە لە نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گرووپی تیرۆریستیی داعش و رژێمی سووریا، گەلی كوردیان لە رۆژئاوای كوردستان كردووەتە ئامانج و، ئەو تەقینەوانەی ئەمڕۆ لە رۆژئاوای كوردستانیش روویان دا، هەر دەستی ئەوانی تێدایە، ئێمە بە توندی شەرمەزاری دەكەین و پێویستە میللەتی كورد و پارتە كوردستانییەكان لە رۆژئاوای كوردستان پڕۆژەیەكی ڕوون و هاوبەشیان هەبێت بۆ دۆزی كورد لەو پارچەیەی كوردستاندا، چونكە ئەگەر یەكگرتوو نەبین، مەحاڵە لەو شەڕەی سووریا دەربچین".
(گەدۆ) دەشڵێ: "لەسەر ئەو باوەڕم هەر كارێكی نامرۆڤانە لە سووریا روو بدات، ئەوا رژێمی (بەشار ئەسەد) تاوانبارە و دەستی تێدایە، ئەگەر راستەوخۆ رژێمی سووریا ئەو كارانە ئەنجام نەدات، ئەوە بێگومان دەستی لە پشتە و هەموو كردە تیرۆریستی و كۆمەڵكوژییەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستگە ئەمنیەكانی سووریایان لە پشتە، چونكە خۆمان باش ئەو دەستگایانە دەناسین و دەزانین چی دەكەن".
قائید میرۆ




