٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بارزانی و بایدن به‌ سه‌ردانه‌كه‌ خۆشحاڵ بوون.. فواد حوسێن: فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران بەباش نەزاندرا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وایه‌ كه‌، نەوتی کەرکووک بە نیوەیی هەناردە ده‌کرێت، هەروها پرسی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران بەباش نەزاندرا. د. فوئاد حوسێن گوتیشی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانەکەمان بۆ بەغدا خۆشحاڵ بوو و بەردەوامیش بەرچاوڕوونی پێدەداین".


د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و چەند پرسێکی دیکە رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران بریتی بووە لە سێ کۆبوونەوە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "کۆبوونەوە و سەردانەکەی ئێمە بۆ بەغدا لەسەر پێشنیازی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە بۆ بەغدا، بەڵام ئەوه‌ هەرگیز لەژێر گوشاردا نەبووە، چونکە کەس گوشار قبووڵ ناکات".

پێوه‌ندیی حه‌فتانه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌یه‌

لەبارەی پەیوەندییەكی هەرێمی كوردستان و عێراق، فوئاد حوسێن دەڵێت "پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەیەکجاری تێکنەچووە، پەیوەندیی هەیە و هەفتانە پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هەیە".

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی یەکەمی شاندی حکوومەت بریتی بوو لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و بە‌غدا، کۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانی و کۆبوونەوەی سێیەمیش تایبەت بوو بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

د. فوئاد حوسێن گوتیشی "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانەکەمان بۆ بەغدا خۆشحاڵ بوو و بەردەوامیش بەرچاوڕوونی پێدەداین".

فوئاد حوسێن راشیگەیاند، دوای ئەوەی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕایەوە، جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا تەلەفۆنی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و خۆشحاڵ بووە بە سەردانەکە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.

له‌باره‌ی نه‌وتی كه‌ركووكه‌وه‌ ڕێككه‌وتین

لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، فوئاد حوسێن گوتی "کۆبوونەوەکان بەشێکیان ئەنجامی باشی هەبووە، کە هەندێکیان لە ئایندەدا دەردەکەون و هەندێکیان ئیستا دەرکەوتوون، بەتایبەت کە قسە لەبارەی هەناردەکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کرا، کە ماوەی 5 مانگە هەناردەکردنی وەستابوو، ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق زیاتر چووینە وردەکاریی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە نێوان هەرێم و بەغدا".

فوئاد حوسێن دەشڵێت "ئێستا رۆژانە 93 هەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووک هەناردە دەکرێت و تاوەکو 150 هەزار بەرمیل کە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ دەفرۆشرێت لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە نیوەیی هەناردە ده‌کرێت، هەروها پرسی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران بەباش نەزاندرا".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەلای ئەمریکاییەکان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکاییەکان پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵیان بەلاوە گرنگە و بابەتی ئامادەکردنی سیاسی و سەربازی بەرنامەی ئەمریکاییەکانە، هەروەها شتێکی روونە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باش نەبێت، کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ ئاسان نییە".

پرسی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بابه‌ته‌كی نوێ نییه‌
د. فوئاد حوسێن دەشڵێت "باسکردنی پرسی سەربەخۆیی لەلای ئەمریکاییەکان شتێکی تازە نییە و ئێمە لەرابردوودا ئەو بابەتەمان لەگەڵ سەرۆک و جێگری ئەمریکا بە روونی باس کردووە".

لەبارەی چوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، فوئاد حوسێن گوتی "چوونی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە ئێستا نازانم، بەڵام هەموو شتێک دەبێت، هەروەها ئەگەر بارزانی بچێتە بەغداش کارێکی زۆر ئاساییە".

سەبارەت بەپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، فوئاد حوسێن دەڵێت "ئەو پرسە یان بەشەڕ یان بە دیالۆگ دەبێت، ئەگەر ئێمە دیالۆگ هەڵدەبژێرین، دەبێت دەست بکەین بەیادلۆگ، هاوکات ئەنجامدانی ریفراندۆمیش پرسیارێکی دیکەیە ئایە پێویست دەکات ریفراندۆم ئەنجام بدەین یان نا، هەروەها دەستکردن بە دیالۆگیش لەگەڵ بەغدا چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت وەک، پەیوەست بە ماددەی 140 و چەند پرسێکی دیکە، بەڵام دەبێت بزانین لەگەڵ بەغدا بە چی دەگەین، بەڵام دەبێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گشتپرسی تێدا بکرێت چونکە حاڵەتەکی تایبەتە".

کورد کاریگەری هەیە لە ناوچەکەدا

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ گوتیشی "ئەمریکاییەکان بەلایانەوە گرنگە کە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەر لە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوە روون نییە کە توانا سەربازییەکان ئامادەن یان نا، چونکە ئەمریکاییەکان دەیانەوێت مووسڵ لەسەر دەستی ئەوان ئازاد بکرێتەوە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکا پەیوەندییەکەی دوو لایەنەیە و دەبێت هەردوولا گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەن، بۆیە کورد هەمیشە دەبێت پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی بکات لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها کاریگەریی هەبێت لە نێو کۆمەڵگەدا و لۆبی زیاتر دروست بکات، ئێستا کورد کاریگەری هەیە لە ناوچەکەدا و بە گرنگەوە لێیدەڕواندرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار