کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە: ھاتنی فەتلاوی بۆ هەڵەبجە سوکایەتییە

هەڵەبجە-KDP.info- پەرلەمانتار(حەنان فەتلاوی) کە بەردەوام دژایەتیی کورد دەکات، دوێنێ بەدزییەوە سەردانی هەڵەبجەی کردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەھیدیش لەمبارەیەوە گوتی، ھاتنی کەسێکی لەوشێوەیە بۆ هەڵەبجە سوکایەتیکردنە بە کورد و قوربانیانی هەڵەبجە.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەھید (لوقمان عەبدولقادر)بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" ئێمە وەکو کۆمەڵەکەی خۆمان زۆرمان پێناخۆشە کە کەسێکی لەوشێوەیە ھاتووە بۆ یادگارەکەی هەڵەبجە وئەمە سوکایەتی کردنە بەکورد وقوربانیانی هەڵەبجەی شەھید کە لەپێناو کوردستان داویانە.
(لوقمان عەبدولقادر) گوتیشی، ئەگەر ئاگاداری ھاتنی ئەو ژنە عێراقچییە بووینایە بۆ هەڵەبجە پێمان دەگوتەوە ھەموو ئەوقسانەی دژی کورد کردوویەتی و ھەڵوێستیشمان دەبوو.
(عەبدولقادر) ڕوونیشی کردەوە، یادگارەکەی هەڵەبجە نیشانەی مەزڵوومیەتی کورد و، ناکرێت ھیچ لایەنێک بۆ بەرژوەندی خۆی ئەو جۆرە کەسانە بێنێتە ئەو شوێنە پیرۆزە.
گوتیشی، پێویست بوو (فەتلاوی) لەبەردەم یادگارەکەی ھەڵەبجەدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ببەستێ و داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش باسی لەوە کردووە کە ئەو دژی لایەنێکە لە ھەرێمی کوردستان نەک ھەموو کورد! جیگەی داخە دژمنانی کورد توانیویانە بەو دووبەرەکییە بمانشکێنن و مەرام و سیاسەتی خۆیان جێبەجێ بکەن.
بڵند ئیبراھیم




