پێوەندی زیاتری نێوان هەرێم و ئەمەریکا دووپات کرایەوە

هەولێر-KDP.info- لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، شاندێکی ئەمەریکا، ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگەیان بەرز نرخاند، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیان دووپات كردەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ٤-٩-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سیناتۆر مارتن هێنرچ لە لیژنەی كاروباری سەربازیی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا و هەریەك لە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرۆس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و تیشكیان خستە سەر شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و پێشوازیكردنی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێیان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان، لەمبارەیەشەوە ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگەیان بەرز نرخاند، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانەیان دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزباییشی لەباڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست. سوپاسگوزاریی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بەڕێز سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكا دووپات كردەوە كە هەر لە سەرەتای هەڕەشە و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعشەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان هاوكاری سەربازییان پێشكەش بە هەرێم كرد و هۆكارێكی گرنگ بوو هاوكێشەكان لە بەرەكانی جەنگ بۆ بەرژوەندیی پێشمەرگە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
هەروەها پوختەیەكی دەربارەی دوا سەردانی خۆی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و كۆبوونەوە و گفتوگۆ و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پلە باڵای عێراقی خستە ڕوو، لە هەمان كاتدا پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆرستان، خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوولا هاوڕابوون كە ڕێگەی سەربازی تاكە ڕێگە نییە بۆ ئەم پرسە، بەڵكو پێویستە لایەنی سیاسی و مرۆییی پرسەكەش لەبەرچاو بگیرێت و لەمبارەیەشەوە پێویستە هاوكاریی تەواو لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال و هاوپەیماناندا هەبێت، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای ڕزگاركردنی شارەكە و ئاشتەوایی لە نێوان پێكهاتەكانی شاری مووسڵ دروست بكرێت و ئاسایش و ژیانێكی ئاساییان بۆ دابین بكرێت.




